background

شەکرۆکەی ئینتەرنێت (Cookies)

هاوپۆل: گشتی  ژ.بابەت : 777  بەروار : ئاب 4, 2016
Cookie, Privacy, تەیبەتێتی, شەکرۆکە, کوکی
QR Code For:  شەکرۆکەی ئینتەرنێت (Cookies)

شەکرۆکە چییە؟

شەکرۆکە (بە ئینگلیزی Cookies یان HTTP Cookies) پەڕگەیەکی زۆر سادەیە ماڵپەڕەکان بەکاریدەهێنن بۆ ئەوەی بزانن بەکارهێنەر پێشتر سەردانی ماڵپەڕەکەی کردووە یاخود نا، ئەگەر سەردانی کردبوو ئەوا بەپێی کەسەکە ماڵپەڕەکە خۆی ڕێکدەخاتەوە.

بۆچی شەکرۆکە بەکاردەهێندرێ؟

بۆ گەڕان بەناو وێبدا، پڕۆتۆکۆڵی HTTP یان HTTPS بەکاردەهێندرێ. یەک لە تایبەتمەندییەکان ئەو پڕۆتۆکۆڵە ئەوەیە کە بێ دۆخە (Stateless). ئەوەش مانای ئەوەیە کە ڕاژەکە هیچ زانیارییەک لای خۆی پاشەکەوت ناکات. بۆ نموونە ئەگەر تۆ پەڕگەیەکی وێب بکەیتەوە (بۆ نموونە پەڕگەیەکی HTML) کە دوو وێنەی تێدابێت، وێبگەڕەکە دەبێت سێ (دانەیەکیان بۆ خودی پەڕگەی ئێچ تی ئێم ئێڵەکەیە) داواکاری بنێرێت و بەمەش سێ پەیوەندیی جیاواز و سەربەخۆ دەکرێنەوە و سێ پەڕگە دەگوازرێنەوە و دواتریش سێ پەیوەندییەکە دادەخرێنەوە.

ئەوە وەک ئەوەیە هەر جارەی بتەوێ شتێک لە فرۆشگایەک بکڕیت پێویست بکات بچیتە ناو فرۆشگایەکە، خۆت بە خاوەن فرۆشگایەکە بناسێنی، شتەکە بکڕی و بێیتە دەرەوە. لەبەر ئەوەی هەر کە پارەکەتدا، خاوەن فرۆشگا هەموو زانیارییەکانی سەبارەت بە تۆی لەبیر دەچێتەوە. واتە ناتوانی چەند شتێک بەیەکجار بکڕیت. بیهێنە بەرچاوت ئەگەر بتەوێ کەلوپەلی جەژن بکڕیت. دەبێ چەندین جار بچیتە هەمان فرۆشگا و بێیتە دەرەوە.

ئەوەش کێشەیەکی گەورە درووست دەکات بۆ ئەو ماڵپەڕانەی کە دەیانەوێ بۆ هەر سەردانکەرێک کۆمەڵە زانیارییەکی جیاواز نیشان بدەن. بۆ نموونە ماڵپەڕێکی هەواڵ لەوانەیە بیەوێت ئەو هەواڵانە بە بەکارهێنەرانی نیشان بدات کە حەزی پێدەکەن یان لایان گرینگە. بۆ چارەسەکردنی ئەو کێشەیەش شەکرۆکە داهێندرا.

چۆن ماڵپەڕەکان شەکرۆکە بەکاردەهێنن؟

ماڵپەڕەکان زانیارییەکان بە شێوەی name-value pair لەناو شەکرۆکەدا پاشەکەوت دەکەن. واتە هەر زانیارییەک کە ماڵپەڕەکە بیەوێ تۆماری بکات، ناوەکەی دەنوسێت و لە تەنیشتیشی بەهایەکەی دەنووسێت. بۆ نموونە:

Language: Kurdish
Color: Green

وێبگەڕەکە لەگەڵ هەر داواکارییەک، ئەو شەکرۆکەیەش بۆ ماڵپەڕەکە دەنێرێت کە تایبەتە بە ماڵپەڕەکە. بەمەش ماڵپەڕەکە دەتوانێت هەموو زانیارییەکان وەرگرێتەوە و بە پێی ئەو زانیارییانە بابەتی جیاواز نیشانی بەکارهێنەرەکە بدات. بۆ نموونە ئەگەر لە ماڵپەڕێک کوردی وەک زمانی خۆت هەڵبژێری، هەر چەند جار ئەو ماڵپەڕە بکەیتەوە، هەموو زانیارییەکان بە کوردی نیشان دەدرێن. وە هەر شەکرۆکەشە ڕێگە بە بوونی تایبەتمەندی Shopping Cart لە ماڵپەڕەکان دەدات.

بەهۆی ئەوەی تا دێت ماڵپەڕەکان زیرەکتر و بەهێزتر دەبن، بۆیە پێویستیش دەکات زانیاری زۆتر دەربارەی بەکارهێنەرانیان بزانن بۆ ئەوەی باشتر خزمەتیان بکەن. بەڵام زۆربەی وێبگەڕەکان ناهێڵن شەکرۆکە لە چوار کیلۆبایت گەورەتربێت. ئەوەش کێشە بۆ هەندێک ماڵپەڕ درووست دەکات. بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش لە ئێستادا زۆربەی ماڵپەڕەکان هەموو زانیارییەکانی بەکارهێنەرەکە لەناو بنکەی دراوەی خۆیان هەڵدەگرن و دەیبەستنەوە بە ID یەک کە تایبەتە بە بەکارهێنەرەکە. وە تەنها ئەو ID یە لە ناو شەکرۆکە هەڵدەگرن. بۆ نموونە:

UserID: 2A3623FF6

تێبینی: ئەگەر سەیری ناوەوەی شەکرۆکەکان بکەی دەبینی هەندێک زانیاری دیکەشی تێدایە، ئەو زانیارییانە بۆ ئەوەن وێبگەڕەکە بزانێت کام شەکرۆکە هی کام ماڵپەڕە و کەی شەکرۆکە بەسەردەچێت.

دوای وەرگرتنی شەکرۆکەکە، ماڵپەڕەکە IDی بەکارهێنەرەکە لەناو شەکرۆکەکە دەخوێنێتەوە و هەموو ئەو زانیارییانە لە بنکەی دراوە وەردەگرێت کە بەو IDیەوە بەستراوەنەتەوە و بەپێی ئەو زانیارییانە خۆی ڕێکدەخاتەوە.

لایەنی خراپی بەکارهێنانی شەکرۆکە

وەک لەسەرەوە باسمان کرد شەکرۆکە پەڕگەیەکی سادەیە (هەندێک وێبگەڕ، بۆ نموونە فایەرفۆکس و کڕۆم هەموو شەکرۆکەکان لە ناو یەک پەڕگە هەڵدەگرن). وە هەر ماڵپەڕەی تەنها دەتوانێ ئەو شەکرۆکەیە وەربگرێت و دەستکاری بکات کە تایبەتە بەخۆی.

بەڵام هەندێک خزمەت گوزاری هەن کە تایبەتن بە ڕێکلام کردن. ئەو خزمەت گوزارییانە پارە دەدەنە ماڵپەڕەکان لەبەرامبەر ئەوەی ڕێکلامەکانیان لەسەر ماڵپەڕەکانیان دابنێن بە شێوەی وێنە یان پەڕگەی فلاش یانیش هەر وێب پەیجێکی بچووک. وە هەر یەک لەو ڕێکلامانە بۆی هەیە شەکرۆکەی تایبەت بەخۆی پاشەکەوت بکات و وەربگرێتەوە. هەر یەک لە خزمەتگوزارییانەش ڕێکلام لەسەر هەزاران ماڵپەڕ بڵاودەکەنەوە.

 نموونەی ماڵپەڕێک کە ڕێکلام نیشان دەدات

ڕێکلامەکانیش دەتوانن شەکرۆکەی تایبەت بە خۆیان لەسەر ئامێری بەکارهێنەر هەڵبگرن و دواتر وەریبگرنەوە.

ئەو کۆمپانیایانە IDیەک بۆ هەموو کەسێک لەسەر ئینتەرنێت دادەنێن و لەناو شەکرۆکە پاشەکەوتی دەکەن. کێشەکە لەوەوە دەستپێدەکات کاتێک ئەو کۆمپانیایانە دەست دەکەن بە کۆکردنەوەی چالاکییەکانی کەسەکان؛ سەردانی چ ماڵپەڕێک دەکات، چ شتێک لەسەر ئینتەرنێت دەکڕێت، چ جۆرە وتارێک دەخوێنێتەوە و هتد. بەوەش دەتوانن ڕێکلامی جیاواز نیشان بدەن بەپێی حەز و ئارەزووی کەسەکە، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک حەزی لە تەکنەلۆژیا بێت، ڕێکلامی کڕینی لاپتۆپ یان مۆبایلی پێ نیشان دەدەن یان ئەگەر کەسێک حەزی لە چێشتلێنان بێت، ڕێکلامی ماڵپەڕێکی نیشان دەدەن کە تایبەتە بە زانیاری سەبارەت بە چێشتلێنان.

ئەوەی جێگای سەرنجیش بێت ئەوەیە کە ماڵپەڕەکان زۆر زانیاری دیکەی بەکارهێنەران بەکار دەهێنن بۆ نیشاندانی ڕێکلامێک کە زۆرترین ئەگەری هەیە بەکارهێنەرەکە کرتەی لەسەر بکات. بۆ نموونە جیمەیڵ ناوەڕۆکی ئیمەیڵەکان دەخوێنێتەوە بۆ ئەوەی بەپێی بابەتی ئیمەیڵەکە ڕێکلام نیشان بدات. وە فەیسبووکیش ڕێگای خۆی هەیە بۆ نیشاندانی گونجاوترین ڕێکلام، بۆ نموونە تەمەن و ڕەگەزی بەکارهێنەر، کام پەیجی ڵایک کردووە، و حەزی لە چ جۆرە پۆستێکە و هتد.

بۆ ئەوەی زانیارییەکانیان دەوڵەمەندتر بکەن و بتوانن هەموو کات چاودێری کەسەکان بکەن لەسەر ئینتەرنێت، ئەو جۆرە کۆمپانیایانە تۆڕێکی ئاڵوگۆڕی زانیاری درووست دەکەن و زانیاری کەسەکان دەفرۆشنەوە یەکتر. ئەوەش دەکرێ جێگای نیگەرانی بێت، لەبەر ئەوەی ئێستا ئەو کۆمپانیایانە زانیاری زۆر زۆر دەربارەی بەکارهێنەران دەزانن، بەڕادەیەک کە دەکرێ بە سیخوڕی دابندرێت. هەر لەبەر ئەو نیگەرانییانەش لە بارەی تایبتەمەندێتی بەکارهێنەرانەوە لە گوڵانی٢٠١١ یەکیەتی ئەورووپا یاسایەکی دەرکرد کە تێیدا ماڵپەڕەکان ناچاکران کە ڕەزامەندی بەکارهێنەران وەربگرن پێش پاشەکەوتکردن و وەرگرتنی هەر شەکرۆکەیەک. لە ئێستادا زۆر لە ماڵپەڕەکان لە کاتی سەردانکردنیان پەیامێک نیشان دەدەن و تێیدا بە بەکارهێنەرەکە دەڵێن کە ئەو ماڵپەڕە شەکرۆکە بەکاردەهێنێت.

بەڵام مەرجیش نییە هەر ماڵپەڕێک شەکرۆکە بەکاربهێنێت نیازی خراپی هەبێت، وەک باسمان کرد زۆربەی ماڵپەڕەکان بۆ باشتر خزمەتکردنی بەکارهێنەرانیان سوود لە شەکرۆکە وەردەگرن. وە زانیاری نێو شەکرۆکەش تاکە شت نییە کە وێبسایتەکان دەکرێ بیفرۆشن لەبەرانبەر بەدەستهێنانی پارە یاخود زانیاری. هەندێک لە وێبسایتەکان ناونیشانی ئیمەیڵ و ناو و چەندین زانیاریی کەسیی دیکەی بەکارهێنەرانیان دەفرۆشنەوە سپامەرەکان، کە کەسانێکن ئیمەیڵی ڕێکلام، کیناوی یاخود بێزارکەر بۆ ملیۆنان کەس دەنێرن.

 

محمد یاسین

ژمارەی بابەتەکان: 21

قوتابی بەشی ئەندازیاریی سیستەمی زانیاری لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر

  • بۆچوونەکان

    نووسینی وەڵام

    پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *