background

جێنەتیک ئەلگۆریثمەکان (Genetic algorithm) چین؟

هاوپۆل: گشتی  ژ.بابەت : 672  بەروار : ته‌مموز 22, 2016
AI, genetic algorithms
QR Code For:  جێنەتیک ئەلگۆریثمەکان (Genetic algorithm) چین؟

پێشەکی

یەکێک لەو بوارانەی کە جیهان پێیەوە خەریکە بریتیە لە زیرەکی دەستکرد Artificial intelligence وایکردوە خەڵکی جۆرەها بیرۆکەی سەیر و نوێ دروست بکەن و کەمێک بۆ زانستی کۆمپیتەر زیاد بکەن لێرەدا ئەوەی ئێمە باسی دەکەین جۆرێکە لە جۆرەکانی زیرەکی دەستکرد کە بریتیە لە جێنەتیک ئەلگۆریثمەکان کە بەکارهێنانێکی زۆریان هەیە لە جۆرەها کێشەدا بە شێوەیەکی گشتی لەو جۆرە کێشانەدا بەکار دەهێندرێن کە ناشێت بە پرۆگرامی ئاسایی بگەین بە ئەنجام یان ئەو جۆرە کێشانە کە دەشێت زیاتر لە یەک شیکاریان هەبێت، مەبەستمان لەو زاراوانە ئەوەیە کە دەبێت تۆ ژمارەیەکی زۆر زۆر لە ئەگەرەکان تاقیبکەیتەوە بە مانایە زانستیەکەی تۆ بۆشایەکی گەورەی گەران هەیە دەبێت سەیری بکەیت (search space)

ئێستا ئەوە دەزانین بۆچی بەکاردێت و لە کۆتای ئەم بابەتە ڤیدیۆیەک دادەنێن کە کردارەکە رووندەکاتەوە

بیرۆکە

بۆ تێگەیشتن لە جێنەتیک ئەلگۆریثمەکان پێویستە بیرۆکەکەی وەربگرین لە راستی دا بیرۆکەکە لە شتێکی زۆر سەیرەوە وەرگیراوە ئەویش بیرۆکەی گەشەسەندنە جا لەگەڵی بیت یان نا راست بێت یان هەڵە خەڵکی ئەو بیرۆکەیان بەکارهێناوە بۆ شیکارکردنی کێشەکانی ژیانی رۆژانە بەڵام کەمێک بە رێکی باسی بکەین بیرۆکەکە ئەوەیە وەک ئەوەی لە سروشت رودەدات مانەوە بۆ بەهێزترینە یان باشترین کاتێک جۆرێک ئاژەڵت هەیە تاکەکانی ئەم جۆرە دەشێت تاکی بەهێزی تێدابێت تاکی لاواز هەروەها تاکی نەخۆش…هتد بەڵام گرنگ ئەوەیە لێرەدا کامانە وەچە دەخەنەوە و درێژە بەو جۆرە دەدەن ئەوانە لە باشترینەکانن و خراپ و نەخۆشەکان لە ژیاندا نامێنن سیستەمێکی سەیرە بەڵام زۆر سودی لێ وەردەگرین بۆ شیکردنەوەی بابەتەکە،

 

کاتێک ئەو پارچەیەی سەرەوە دەخوێنیتەوە لەوانەیە پرسیار لە مێشکت دروست بوبێت خەڵکی چۆن ئەو بیرۆکەیە بەکار دەهێنن بۆ شیکارکردن، لە هەموو جێگایەکدا ئەم باسکردنە بەنزیکەیی هەر یەکە و هیچی وای لێناگۆرێت بەڵکو چۆنیەتی بەکارهێنان بۆ شیکارکردن دەوەستێتە سەر بیرۆکەی خۆت کە ئایە تۆ چۆن ئەو کارە دەکەیت لەم چەند بەشەی خوارەوە دەسدەکەم بە شیکردنەوە کە لە لایەنی بیرۆکەی زانستی کۆمپیتەر چۆنە

 

باسکردن

وا دابنێ تۆ دەتەوێت کێشەیەک شیکار بکەیت کە دەڵێت

لە نوسینێکی 8 پیتیدا کە تەنها 0  و 1 تێدایە تۆ نوسینێک بدۆزەوە کە هەموو 8 پیتەکان بریتین لە 1

بۆ شیکار کردنی ئەو کردارە بەو شێوازە دەسپێدەکەیت بێگومان ئەوە ئاستێکی باشی دەوێت لە کۆد کردن بەڵام لێرەدا تەنها بیرۆکەی کاکردن باسدەکەین، رێک وەک لە سەرەوە باسمان کرد ئێمە جۆرێک(specie) دروست دەکەین جۆری ئاژەڵ نا بەڵکو ئۆبجێکت دروست دەکەین کە چەند تایبەتمەندیەکی هەیە کەمێکی تر باسی دەکەین هەروەها هەر جۆرێک کۆمەڵە تاکێکی هەیە ئێمە لێرەدا دەبێت دیاری بکەین ئەو جۆرەی کە ئێمە دروستمان کردووە چەند تاکی هەیە بە مانایەکی دیکە تۆ گروپێک دروست دەکەیت بێگومان هەر تاکێک لەوانە جینۆمی(genome) هەیە کە لە کرۆمۆسۆمەکان(chromosomes) پێکهاتوون کە هەر کرۆمۆسۆمێک لە شریتێکی درێژی DNA پێکهاتووە هەر بۆ تێگەیشتن لەو نموونەی سەرەوە هەر تاکێک یەک کرۆمۆسۆمی هەیە واتە یەک شریتی DNA کە تەنها 0 و 1 ی تێدایە ئالۆزی ئەوەی چەند کرۆمۆسۆم هەیە لەناو جینۆمی تاکێک دەوەستێتە سەر ئالۆزی ئەو کێشەیەی کە شیکاری دەکەیت یان شێوازی بیرکردنەوەی خۆت واتە تۆ بریار دەدەیت ئەوە باسبکەم کە ئێمە شیکارەکەمان تاکێک دەبێت لەناو ئەو گروپەی دروستمان کردووە بەڵام چۆن دەزانین ئەو تاکە دەشێت شیکارەکە بێت ئەوەیان پێی دەڵێن نرخی گونجان(fitness value) هەروەها ئەو جۆرە ئەگەری ئەوە چەندە کە تاکێک لەناو ئەم گروپە شیکارەکەبێت کەواتە بە هەمان شێواز گروپەکە نرخی گونجانی هەیە بەڵام چٶن دەزانیت ئەم تاکە باشە یان خراپ ئەوەیان پێی دەڵێن (fitness function) کە رێک دەوەستێتە سەر تۆ کە چۆن بریار دەدەیت لەو نموونەی ئێمە تاکێک باشتر دەبێت تا لەناو کرۆمۆسۆمەکەی ژمارەی یەک زیاد بێت بۆیە ئەو نزیکترە لە شیکار، لێرەدا باسی ئەوە دەکەین کە چۆن کار لەگەڵ تاک و جۆر بکەین.

 

سەرەتای دەسپێکردن

بەو شێوازە دەسپێدەکەیت ئێمە بیرۆکەی وەچەو باوان بەکار دەهێنین واتە بە مانایەکی تر ئێمە کردارەکان دەکەین تا نەوە دوای نەوە جۆرەکەمان باشتر ببێت هەر نەوەیەکیش لەو جۆرە کۆمەڵە تاکێکی هەیە، بۆ یەکەم نەوە ئێمە بە شێوازێکی هەرەمەکی وا دابنێ 20 تاک دروست دەکەین کە هەریەکە کرۆمۆسۆمی خۆی هەیەو نرخی گونجانی هەیە ئەمەیان نەوەی یەکەمە گەر بیرتان بێت بیرۆکەی هەرەمەکیەتمان باسکرد ئەوە یەکێکە لەو شوێنانەی کە بەکاردەهێندرێت دوای ئەوەی نەوەیەکمان دروست کرد بەناو هەر یەکێک لە تاکەکان دا دەرۆین نرخی گونجانیان بۆ پێوانە دەکەین.

 

کرداری هەڵبژاردن بۆ دروست بوونی نەوەی داهاتوو

لێرەدا ئێمە هەڵدەستین بە هەڵبژاردنی چەند تاکێک کە نرخی گونجانیان بەرزە هەڵدەبژێرین بۆ وەچە خستنەوە بەڵام بە شێوازێکی هەرەمەکی بە مانایەکی تر ئەگەری هەڵبژاردنی ئەو تاکانەی کە نرخی گونجانیان زۆرە زیاترە لە تاکەکانی تر،  ئەنجامدانی ئەم کارە خۆی چەند ئەلگۆریثمی تایبەتی هەیە سادەترین جۆریان بریتیە لە ئەوەی هەموو تاکەکانی ئەو نەوەیە بخەینە سەر بازنەیەک و هەریەکەی روبەرێکیان پێ بدەین ئەوەی نرخی گونجانی زۆرە رووبەری زیاتری پێدەدەین و جەند جارێک ئەو کرددارە دووبارە دەکەینەوە کە لە کۆتایی دا ئەو دوو تاکانە دەردەهێنێت کە دەبێت وەچە بخەنەوە بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو دروست ببێت

کرداری وەچە خستنەوە Crossover 

لەو هەنگاوەدا ئێمە ئەو جوتە تاکانەمان هەن کە دەبێت وەچە بخەنەوە کە دەبنە باوان بۆ ئەو تاکەی کە دروست دەبێت ئەو کردارەش دەشێت بە جۆرەها شێواز بکرێت لەو نموونەیەی ئیمە دەتوانین بەو شێوازە بیکەین هەر تاکێکی نوێ 4 پیت لە باوکی و 4 پیت لە دایکی وەردەگرێت چوار پیتی لای راستی کرۆمۆسۆمی باوک و چوار پیتی لای چەپی کرۆمۆسۆمی دایک ئەو پیتانە لە تەنیشت ییەکتری دادەنرێن و کرۆمۆسۆمیکی نوێ بۆ وەچەکە دروست دەبێت بەو شێوازە لە هەر دوو تاکێکی ئەو نەوەیە تاکێکی نوێ دروست دکەین بۆ نەوەی نوێ و ئەو کردارە دووبارە دەکەینەوە تا تاکی پێویست بەدەست دەهێنین بۆ نەوەیەکی نوێ

کرداری بازدان Mutation

پێشئەوەی بچینە کرداری داهاتوو کاتێک باوان وەچە دەخەنەوە ئەگەرێکی زۆر کەم هەیە کە یەک پیت بگۆرێت لە وەچەکەیان بۆ نموونە لە 5 تاکی نوێ 1 تاک یەک پیت لە کرۆمۆسۆمەکەی بە شێوازێکی هەرەمەکی دەگۆرێت رێک وەک ئەوەی لە ئاژەڵ روودەدات

 

دووبارەکردنەوە

بەم چەن هەنگاوەی سەرەوە ئێمە نەوەیەکی نوێمان دروست کرد دوای ئەوەی نەوەیەکمان بە سەرکەوتووی دروست کرد دووبارە نرخی گونجان بۆ تاکەکان و گرووپەکە بەگشتی پێوانەدەکەینەوە هەر کاتێک ئێمە گەشتین بە ئەنجام ئەو کردارە دەوەستێنین و رادەوەستن بەڵام چۆن دەزانیت گەشتویت بە ئەنجام ئەوەشیان دیسان دەگەرێتەوە بۆ بریاری خۆت بۆ نموونە لەو نموونەیەی سەرەوە من تاکێکم دۆزیەوە  کە کرۆمۆسۆمەکەی 7 یەکی تێدایە ئەوەش بۆمن بەسە بۆیە هەموو کردارەکە دەوەستێنم

 

تواناکانی 

جێنەتیک ئەلگۆریثمەکان وەک زۆربەی رێگاکانی تر کێشەی خۆیانیان هەیە کە هەندێکیان لەو خاڵانە کورت دەکەینەوە

١- بۆ کێشە زۆر ئالۆزەکان کرداری دۆزینەوەی نرخی گونجان زۆر ئاڵۆزە و کۆمپیتەر بە ئاسانی ناتوانێت بیاندۆزێتەوە

٢-بۆ کێشە زۆر ئالۆزەکان کاتیان زۆر دەوێت بۆ گەشتن بە ئەنجام

٣- زۆر بە باشی کارناکەن کاتێک ئەو زانیاریەی بەردەستت دەگۆرێت بە پێی کات

 

نموونەیەک بە ڤیدیۆ

ئەمە نموونەیە بۆ کرداری دروستکردنەوەی وێنە کاتێک وێنەیەک دەدەیت بە پرۆگرامەکە هەوڵ دەدات هەمان وێنە دروست بکاتەوە بەو کردارو هەنگاوانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد

کۆتایی

ئەمە باسێکی جێنەتیک ئەلگۆریثمەکان بوو بێگومان بابەتەکە کەموکوری هەیە بەڵام بۆ گەیاندنی بیرۆکەکەو ئاشناکردنتان لەگەڵ ئەم جۆرە ئەلگۆریثمانە کێشەی نابێت و سەرەتایەکی باش دەبێت بۆ تێگەیشتن لە باسەکە بە هیوای سوودوەرگرتن.

ئارام

ژمارەی بابەتەکان: 77

ئەندازیاری پرۆگرامسازی لە هەندێک کۆمپانیای ناوخۆ و دەرەکی کاری پرۆگرامسازیم کردووە لەوانە ( Dwrandaz, Jiasaz, Lezzoo ,Avesta Group , Lucid ,GIGANT, eDRV) هەروەها هاودەمەزرێنەری کۆمپانیای Hesta ی پرۆگرامسازیم حەز بە دروستکردنی سیستەم و وێب ئەپلیکەیشن دەکەم.

  • بۆچوونەکان

    نووسینی وەڵام

    پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *