background

ماکینەی خەیاڵی چیە و بۆ بەکاردێ؟

هاوپۆل: گشتی  ژ.بابەت : 1408  بەروار : شوبات 11, 2017
Linux, Mac OS X, Server, Virtual Machine, Virual Private Server, Windows
QR Code For:  ماکینەی خەیاڵی چیە و بۆ بەکاردێ؟

زانیاری دەرباری ماکینەی خەیاڵی

وەک دەزانین لە دونیای ئەمڕۆی پێشکەوتوی تەکنەلۆجیدا و بەرەوپێشچوونی خواست لەم بوارەدا بوەتە هۆیەک بۆ ئەوەی چەندین سەکۆ و سیستەمی بەکارخەری جیاواز وەدەرکەون کە هەریەکەیان لەگەڵ جۆرێک لە خواست و پێداویستیەکانمان پڕکەنەوە، بۆیە ئەمەش بۆتە هۆی بەربڵاوبوونی چەندین جۆری جیاواز لە سیستەمی بەکار خەر هەر بگرە لە Windows ــەوە کە کۆمپانیای Microsoft پێشخەرەکەیتی هەتاکو سیستەمەی Mac OS X ، Linux ، UNIX ، Solari OS و RedHat و چەندانی تر کە هەریەکەو بۆ بوارێکی جیاواز بەکاردێت.
بۆ ئەوەی ئەم سیستمانەش کار پێبکەی بێگومان پێویستت بە ماکینەیەکی کۆمپیوتەر-ە بۆئە ڕەنگە ئەستەم بێت بۆ هەریەکەیان و کۆمپوتەرێکی نوێ بەکار بهێنیت بۆیە باشترین چارەسەر بۆ ئەم مەبەستە بەکار هێنانی ماکینەی خەیاڵیە کە پێی دەوترێ Virtual Machine، کە ئەمیش لەڕێگەی چەند ئامڕاز و پڕۆگرامێکەوە دەتوانی وا لە کۆمپیوتەرەکەت بکەی کە لە یەک کاتدا زیاتر لە سیستمێکی بەکارخەر کارپێبکات، چەندین ئامڕاز و پڕۆگرامیش بۆ ئەم مەبەستە دروستکراوە.

 

لەپێشدا، ماکینەی خەیاڵی چیــە؟

مەکینەی خەیاڵی (Virtual Machine) بریتیە لە پڕۆگرامێک کە هەڵدەستێت بە دامەزراندنی کۆمپیوتەر بە شێوەیەکی خەیاڵی لەنێو کۆمپیوتەرەکەت، بە واتایەکی تر هەڵدەستیت بە دامەزراندنی ژینگەیەکی خەیاڵی لە ناو کۆمپیوتەر و سیستمە ڕاستیەکە کە هەمان ژینگەی کۆمپیوتەری ڕاستەقینەت بۆ دروست ئەکات هەتا بتوانی ئەو سیستەمە دابمەزرێنی کە ئەمەش توانەکەی بە پێی جۆری ڕەقەکاڵا و نەرمەکاڵای کۆمپیوتەرەکەت دەگۆڕێ، واتە بهێنەرە پێشچاوی خۆت تۆ بینایەکت هەیە کە خانووەو خۆتی تێدا دەژی هەڵدەستیت بە دروستکردنی خانووەیەکی بچووک لە ناو ئەم خانوەدا بە بەکارهینانی بەشێک لە ڕووبەر و پێداویستی و کارەبا و ئاوی ناو خانووە ڕاستەقینەکە، ئەم ماکینە خەیاڵیەش هەروەکو ئاماژەمان پێدا لەڕێگەی لە ڕێگەی بەرنامەیەک ( نەرمەواڵەیەک ) بەڕێوەدەبرێت کە هەروەک ماکینەیەکی ( کۆمپیوتەرێکی) ڕاستی ڕۆڵ دەگێڕێت کە بەتاواوەتی ( کە هەمان کاری سیستمە دامەزرێنراوەکە دەکات لە ماکینەیەکی ڕاستیدا ) بەڵام ڕەنگە بە توانایەکی کەمتر “Performance” ــێکی کەمتر کە ئەمەش لە کۆمپوتەرێکەوە بۆ کۆمپیوتەرێکی تر دەگۆڕێ! ڕەنگە هەندێ کۆمپیوتەر هەستی هەر پێنەکات بەهۆی بوونی میمۆریەکی بەهێز و یەکەیەکی چارەسەری ناوەندی بەهێز “CPU”.

وینۆچکەی یەکەم: جیاوازی نەخشەسازی و کارکردنی ماکینەی راستەقینە لەگەڵ ماکینەی خەیاڵی

سوودی ماکینەی خەیاڵی چیە؟

هەروەک لە پێشوتردا ئاماژەمان پێدا، باشترین چارەسەرە بۆ ئەوەی بتوانی چەند سەکۆیەکی جیاواز لە یەکدا بەکاربهێنی بەبێ بەکارهێنانی کۆمپیوتەری جیاواز، واتە تۆ لە یەک کات-دا دەتوانی هەم لینوک هەم ویندۆز بەکاربهێنی یاخود چەند جۆرێکی جیاواز لە ویندۆز لەناو یەکدا بەکاربهێنی بۆ نموونە تۆ کۆمپیوتەرەکەت ویندۆز ١٠ لەسەرە بەڵام تۆ کارت بە ویندۆزێکی جیاوازە بۆ نمونە ویندۆز ٧ یاخود هەرجۆرێکی تر دەتوانی لەڕێگەی ئەم نەرمەواڵەیەوە بەکاریبهێنی بەبێ بەکارهێنانی کۆمپتوتەری زیادە. هەروەها سوودێكی گرنگی تری ئەوەیە کە زۆربەی کۆمپانیاکانی بەکرێدانی سێرڤەر و هۆست دەیکەن بریتیە لەوەی لە یەک-کاتدا چەندین ویندۆز یاخود لینۆک لەسەر یەک کۆمپیوتەر ( سێرڤەر ) دادەبەزێنن و دوای دەیفرۆشنەوە بە کڕیار کە پێی دەوترێ سێرڤەری خەیاڵی تاکەکاسی ( Virtual Private Server )، دواتر کڕیار دەتوانێ وەکو کۆمپیوتەرێکی ئاسای بەکاری بهێنێت.

 

تایبەت مەندیەکانی ماکینەی خەیاڵی!

ماکینەی خەیاڵی دەتوانی بەپێی داواکری بەکارهێنەر تایبەت مەندی خۆی پێببەخشرێت، واتە بەکارهێنەر ئازا لەوەی ئەو ماکینەیەی کە دروستی دەکات قەبارەی “RAM” ــەکەی چەندبێت ( بەمەرجێک ناگاتا سێ چارەکی RAM ــە ڕاستەقینەکەی خۆی ” لە کۆمپیوتەر بۆ کۆمپیوتەر دەگۆڕێ ئەم ڕێژەیە” بە واتایەکی تر تۆ ناتوانی ماکینەیەکی خەیاڵی بە قابارەی سێ گێگابایت دەبمەزرێنی لە کاتێکدا کە RAM ــی بەردەستی کۆمپوتەرەکەت “پارچە بەرجەستەییە فیزیاییەکە” تەنها دوو گێگابایت بێت ) وە هەروەها دەتوانی ژمارەی ناوکی یەکەی چارەسەرکردنی ناوەندی دیاری بکەیت ( کە مەبەست لە Core ) ــە وەهەروەها قەبارەی خەزێنەکە ( Hard Disk Drive ) ــەکە دیاری بکەیت ” بە هەمان مەرجی پێشوو تر کە باسمان کرد”، وە هەروەها دیاری کردنی ئەو جۆرە سیستمەی کە دەتەوێت دایبمەزرینی.

 

چۆنیەتی بەکارهێنانی ماکینەی خەیاڵی!

لەپێشدا پێویستە نەرمەواڵەیەکی ( پڕۆگرامیکی ) تایبەت بۆ ئەم بوارە دابەزینیت جا چەندین ئامڕاز و پرۆگرام هەن کە بەپێی سیستمە بەکارخەرەکان ئەگۆڕێ، بۆ نموونە ( VMWare Workstation ) کە چەندین تایبەتمەندی سەرنج ڕاکێشی تێدایە دەتوانی دابەزێنیت ( لە کۆتای-دا بەستەری دابەزاندنی پرۆگرامەکە دادەنێین ) کە بۆ هەرسێ سەکۆ ناسراوەکەی ( Windows,Mac OS و Linux ) دادەبەزێت یاخود VirtualBox کە ئەمیش کۆمپانیای Oracle دروستی کردووە بۆ هەرسێ سەکۆ سەرەکیەکە دەبێت دەتوانی دایبەزینیت، لەپاش دابەزاندنی ئەم نەرمەواڵانە، دەبێت ئەو سیستمەی کە دایدەبەزێنی لەناو ئەم ماکینە خەیاڵیانە بەردەستبن لەلات جا چەند ڕێگایەک هەیە، یان لەڕێگەی هەبوونی لەنێو DVD یاخود لە نێو Flash Memory یاخود ئەوتا پەڕگەی سیستەمەکەت لەلابێت بە پاشگری ISO.* یاخود IMG.* ــەوە، پاشان ژینگە خەیاڵیەکە دروست دەکەیت کە بەپێی پێداوستیەکانی خۆت کە یەکانگیر بێت لەگەر پێداویستیە سەرەتاییەکەنی سیستمەکە ( Minimum Requirement for OS ) ــەکە کە بە دڵی خۆت دەتوانی قەبارە و تایبەتمەندێتیەکانی بۆ دیاری بکەی.

وێنۆچکەی دووهەم: ڕووکاری VirtualBox لەسەر سەکۆی ماک ئۆ ئێکس.

سوودیکی لاوەکی تر بۆ ئەوانەی بە بواری هاک و پاراستنەوە خەریکن ئەم ڕێگایە باشترین ڕێگەیە بۆ تاقیکردنەوەی ئەو پڕۆگرامانەی کە گومانی هەبوونی ڤایرۆس ( یاخود ترۆجان و بوتنێت …. هتد) لە نێوانیاندایە، بەجۆرێک ئەو بەرنامەیە تەنگا توشی سیستمە لاوەکیەکە دەبێت ( ماکینە خەیاڵیەکە دەبێت ) بە بێ ئەوەی توانا و دەسەڵاتی پەڕینەوەی هەبێت بۆ ماکینە ( کۆمپیوتەرە ) ڕاستەقینەکە.

سایتی سەرەکی VMWare Workstation ــی کۆمپانیای بەناوبانگ لە بواری ماکینەی خەیاڵی: کرتە بکە

سایتی سەرەکی VirtualBox ــی پێشخراو لەلایەن کۆمپانیای بەناوبانگی Oracle کە پرۆژەیەکی سەرچاوە کراوەیە و بە خۆڕاییە: کرتە بکە

 

سامرەند حاجی

ژمارەی بابەتەکان: 11

  • بۆچوونەکان

    نووسینی وەڵام

    پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *