ئەو وتارە بەشێکە لە پڕۆژەیەکی درەختی گەشەپێدەران بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دەربارەی یونیکۆد. زۆر سوپاسی هەموو بەشداربوان دەکەین: احمد عبدالله، ماریا جاسم، دلێر احمد، هەکار محمود، ئالا میرعاج و هەردی لقمان.
لە بەشی یەکەمی ئەو وتارە باسێکی گشتی یونیکۆد دەکەین و ڕوونی دەکەینەوە کەوا بۆچی یونیکۆد پێویستە. دواتر لە بەشی دابێ بە شێوەیەکی قووڵتر دەچینە ناو بابەتەکە و باسی جۆرەکانی ئینکۆدینگ و Unicode Transformation Format دەکەین. بەشی دووەم زیاتر بۆ ئەو کەسانە دەبێت کە پسپۆڕییەکەیان بواری کۆمپیوتەرە و کەمتر پەیوەندی بە زمانی کوردییەوە دەبێت.
تێبینی: ئێمە وەکو درەختی گەشەپێدەران ڕێزی تەواومان هەیە بۆ هەموو ئەو گروپ و کەسانەی کە لێرەدا ناویان هاتووە، بیرۆکەکانی پێشتر ئەگەر بۆ ئێستاش نەشێن، بەڵام بۆ کاتی خۆیان بە سوود بوون.
بۆ ئەوەی بزانیت کە ئەو کیبۆڕدەی بەکاریدێنیت ستانداردە یاخود نا، کلیک لێرە بکە.
یونیکۆد چییە؟
کۆمپیوتەر زانیاری بە شێوەی دیجیتاڵ هەڵدەگرێت. واتا زانیارییەکە هەمووی دەکاتە ژمارە و ژمارەکانیش بە سیستەمی دووانەیی (سفر و یەک) هەڵدەگرێت. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: چۆن کۆمپیوتەر دەتوانێت نووسنین بگۆڕێت بۆ ژمارە و هەڵیبگرێت و دواتریش لە کاتی خوێندەنەوەیدا، ژمارەکان بگۆڕێتەوە بۆ هەمان نووسین؟
گۆڕینی زانیاری بۆ شێوەیەک کە کۆمپیوتەر بتوانێت هەڵیبگرێت یانیش بیگوازێتەوە پێیدەگوترێت ئینکۆدینگ (Encoding). وە پڕۆسەیەکی دیکەی پێچەوانە هەیە پێی دەگۆترێ دیکۆدینگ (Decoding) کە تێیدا زانیارییەکان لە سفر و یەکەوە دەگۆڕدرێنەوە بۆ شێوە ئەسڵییەکەی خۆیان. ئەو گۆڕینەش بە پێی خشتەیەکی دیاریکراوە، کە هەر نووسەیەک، ژمارەیەکی بۆ داندراوە و هەمووان لەسەری ڕێککەوتوون. بۆ نموونە ئەوە خشتەی نووسەکانی ستانداردی ASCII یە.
ASCII ستانداردێکی ئینکۆدکردنی کۆنە، کە تەنیا پشتگیری پیتەکانی زمانی ئینگلیزی دەکات چونکە لە سەرەتای درووستکردنی کۆمپیوتەردا زۆربەی بەکارهێنەرانی کۆمپیوتەر لە ئەمریکا و بریتانیا بوون و زۆربەی داهێنانەکانیش هەر لەوێ کران. بەڵام دوای بڵاو بوونەوەی کۆمپیوتەر بە هەموو دونیا زانایان هەر زوو بۆیان دەرکەوت کە پێویستیان بە ستانداردی باشتر هەیە، ستانداردێک کە بتوانێت پشتگیری لە ئەلفوبێی هەموو زمانەکانی دونیا بکات. دوای چەندین هەوڵ و درووستکردنی چەند ستانداردێکی جیاواز، لە کۆتاییدا لە ساڵی ١٩٨٨ دا ستانداردی یونیکۆد درووستکرا.
یونیکۆد ستانداردێکی ئینکۆد کردنە بۆ هەڵگرتنی داتا. تێیدا هەر نووسەیەک (پیت، ژمارە، هێما..) کۆدێکی تایبەتی هەیە کە پێی دەناسرێتەوە. بۆ نموونە “ب” کۆدەکەی بریتییە لە “U+0628”. بەو شێوەیە دەتوانی زانیاری بە هەموو زمانەکانی دونیا زۆر بە ئاسانی هەڵبگریت و بڵاوبکەیتەوە بەبێ ئەوەی تێکبچن. لە ئێستادا زۆرتر لە ١٠٠ هەزار نووسە لەخۆ دەگرێت.
یونیکۆد پیتەکانی هەموو زمانە زیندووەکانی تیدایە، لەگەڵ چەندین زمانی مردووش (هیڕۆگلیفی، ئاڤێستایی..). کەواتە تۆ هەتا ئەگەر فۆنتی عەلیش بەکاربهێنیت، هەر یونیکۆد بەکاردەهێنیت، بەڵام لەبڕی ئەوەی یونیکۆدی کوردی بەکاربهێنیت، یونیکۆدی عەرەبی بەکاردەهێنیت. بۆ ئەوەی باشتر لە بابەتەکە تێبگەین، با گەشتێک بکەین بە ناو مێژووی نووسینی کوردی لە کۆمپیوتەر:
مێژووی نووسینی کوردی لە کۆمپیوتەردا
قۆناغی یەکەم: فۆنتەکانی عەلی
نووسینی زمانی کوردیش لە کۆمپیوتەر بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیوە. یەکێک لە هەوڵە هەرە سەرەتاکان درووستکردنی فۆنتەکانی عەلی بوو لەلایەن ئەندازیار عەباس مەجید لە ساڵی ١٩٩٧. چەند کۆمەڵە فۆنتێکی دیکەش درووستکران لەسەر هەمان بیرۆکە، بەناوەکانی K-Dilan, Ribaz و هتد.. بیرۆکەی ئەو فۆنتانە ئەوەیە کە هەندێ فۆنتی عەرەبی و فارسی دەستکاریبکرێن بۆ ئەوەی لە بڕی ئەوەی پیتە عەرەبییەکانی نیشان بدەن، پیتە کوردییەکان نیشان بدەن. بۆ نموونە ئەگەر بنووسرێ “ط” فۆنتەکەنی عەلی بە “گ” نیشانی دەدەن. بەڵام لە ژێرەوە پیتەکە هەر “ط” و کۆمپیوتەر هەر بە “ط” دەیناسێت. واتا چارەسەکە ڕیشەیی نییە، ئێمە هێشتاش هەر پیتە عەرەبییەکان بەکاردەهێنین، ئەگەر فۆنتەکەی بگۆڕین بۆ هەر فۆنتێک جگە لە فۆنتەکانی عەلی، پیتە عەرەبییەکان بە دیار دەکەونەوە. چونکە کاری فۆنت تەنیا دیارکردنی شێوەی نووسەکانە، هیچ پەیوەندی بەوەوە نییە کە نووسەکان چۆن هەڵدەگیرێن. ئەوەش چەندین کێشەی گەورە درووست دەکات:
١. نەدەتواندرا بە کوردی لە وێب بنووسرێت
لەسەرەتادا نووسەری وێبسایتەکان تەنیا دەیانتوانی ئەو فۆنتانە بەکاربێنن کە دڵنیابوون لەسەر هەموو کۆمپیوتەرێک هەیە. بۆ نموونە فۆنتەکانی Tahoma و Times New Roman بە شێوەیەکی بنەڕەتی لەگەڵ ویندۆز دادەمەزرێن و بۆیەش لەسەر هەموو کۆمپیوتەرێکی ویندۆز هەن. ئەو فۆنتانەش لەسەر ستانداردی یونیکۆد دەڕۆن و بۆیە ناتواندرێ بە کیبۆڕدی عەرەبی نووسینی کوردی بکرێت. بۆیە سەرەتا وێبسایتە کوردییەکان بۆ نووسینی کوردی دەبوایە نووسینەکەیان لەسەر کۆمپیوتەر بنووسیبایە و دواتریش وێنەیانگرتبا و ئینجا وێنەکەیان لە وێبسایتەکانیان دانابا. کە ئەوە کارێکی یەکجار زۆری دەوێت و هەروەها بەکارهێنانی وێنە ڕێگە دەگرێت لە مەکینەکانی گەڕان (بۆ نموونە گووگڵ) لە زانینی ناوەڕۆکی وێبسایتەکان.بەوەش نەتدەتوانی لە گووگڵ بە دوای زانیاری کوردی بگەڕێیت.
هەرچەندە ئێستا “وێب فۆنت” هەن و ئەو کێشەیە دەتواندرێ بەهۆی ئەوانە چارەسەربکرێت، بەڵام هێشتاش بەکارهێنانی ڕێگایەک کە چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ کێشەکە بکات باشترە.
٢. وێبسایت و خزمەتگوزاری و ئەپلیکەیشنەکانی لایەنی سێیەم ناتوانن سوود لەو نووسینانە وەربگرن کە بە فۆنتی عەلی نووسراون.
هەتا ئەگەر وامان دانا کە “وێب فۆنت” مان بەکارهێنا لە وێبسایتەکەمان و ئێستا هەموو کەس دەتوانن وێبسایتەکەمان بە جوانی ببینن، مەرج نییە کە نووسینی وێبسایتەکان ڕاستەوخۆ لەسەر وێبسایتەکە خۆی بخوێندرێتەوە. بۆ نموونە زۆر جار کە لە گووگڵ لە ناوی شوێن، کەسایتە، ڕووداو یان هەر شتێکی دیکە دەگەڕێیت، گووگڵ لە هەمان پەڕە چەندین زانیاریت نیشان دەدات. ئەو زانیارییان گووگڵ لە وێبسایتەکانی دیکە کۆی کردوونەتەوە، بۆیە ئەگەر لە وێبسایتێک کۆی بکاتەوە کە فۆنتی عەلی تێدا بەکارهێندرابێت، ئەوا نووسینەکان هەمووی تێکدەچن. چوونکە وێبسایتی گووگڵ فۆنتی عەلی بەکارناهێنێت.
یان بۆ نموونە کە پرسیار لە یاریدەدەرە دیجیتاڵەکان دەکەیت (سیری، بیکسبی، ئەلێکسا…) لەبارەی شتێک، ئەوانیش دەچن لە ئینتەرنێت بەدوای زانیاری دەگەڕێن، بەهەمان شێوە لێرەش نووسینی فۆنتی عەلی بە تەواوی تێکدەچن و بەکەڵک نایەن.
قۆناغی دووەم: هەوڵەکانی سەرەتا بۆ درووستکردنی کیبۆرد لەیاوتی (Keyboard Layout) کوردی
هەرچەندە کە زۆربەی کۆمپیوتەرەکان تەنیا یەک کیبۆڕدیان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانن بە هەموو زمانێک بنووسن. ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە دوگمەکانی کیبۆڕد نەبەستراونەتەوە بە پیتێکی دیاریکراو، بەڵکو هەر یەکەیان کۆدێکیان بۆ داندراوە پێی دەڵێن Scan code و ئەوە کاری سیستەمی وەگەڕخستنە (بۆ نموونە ویندۆز یان ئەندرۆید) کە بڕیاربدا کە هەر یەک لەو سکان کۆدانە کام نووسە دەنوێنن. ئەو کارەش بە یارمەتی کیبۆرد لەیاوت دەکرێت، کە وەک نەخشەیەکە و نووسەیەک یان زۆرتر دیاری دەکات بۆ هەریەک لە دوگمەکانی کیبۆڕد. هەر زمانێکی دونیاش یەک کیبۆڕد لەیاوت یان زۆرتری تایبەت بەخۆی هەیە.
درووستبوونی وێبسایتە کوردییەکان پاڵنەرێکی گەورە بوو لە درووستکردنی تەختەکلیلێک کە پیتە کوردییەکانی پێ بنووسرێت و پشت نەبەستێت بە فۆنتێکی دیاریکراو. لە سەرەتای ٢٠٠٠ ـەکانیش چەند گرووپێکی کوردی تەختەکلیلی کوردییان درووستکرد و بڵاوکردەوە بۆ نموونە: تەختەکلیلی Kurd IT Group و چاوگ و C4Kurd و هتد..
هەرچەندە ئەو تەختەکلیلانە باشتر بوون لە بەکارهێنانی فۆنتی عەلی-کەی بەڵام هێشتاش کێشەی خۆیان هەبوو. چونکە ستانداردی یونیکۆد زۆرتر لە ١٠٠ هەزار نووسەی (پیت، ژمارە، هێما) تێدایە و هەندێکیشیان لە یەکدەچن. بۆ نموونە هەر یەک لەو سێ نووسەیە: (ک – U+06A9)، (ك – U+0643) و (ڪ – U+06AA) دەتواندرێت وەک پیتی “کاف” بەکاربهێندرێت، لەبەر ئەوەی هەر گرووپێکیش سەربەخۆیانە تەختەکلیلەکەنیان درووستکردبوو، هیچ ڕێکەوتنێک نەبوو لە سەر نووسەکان. کە ئەوەش چەندین کێشەی گەورە درووست دەکات لە کاتی گەڕاندا. چونکە نووسەکان بۆ نموونە: “ك” و “ک” هەرچەندە شێوەشیان بە یەک بچێت، بەڵام لەلای کۆمپیوتەر دوو نووسەی جیاوازن و وەک یەک نین. بۆیە ئەگەر لە گووگڵ بە دوای “مریشك” و “مریشک”دا بگەڕێیت ئەنجامی جیاوازت بەدەست دەکەوێت.
ئەو پیتانەی کە کێشەیان لەسەربوو لەو ماوەیەدا:
- هێ: هەندێک لە لە لایەنەکان نووسەی (ه – U+0647) یان بەکاردەهێنا و هەندێکی دیکەش (ھ – U+06BE).
- کاف: نووسەکانی (ک – U+06A9)، (ك – U+0643) و (ڪ – U+06AA) دەتواندرێ بۆ کاف بەکاربهێندرێت
- بزوێنی کورت: لە هەندێک کیبۆڕد لەیاوتدا، بزوێنی کورت بە دوو نووسە دەنووسرا: (ه – U+0647) لەگەڵ (Zero width non-joiner – U+200C) کە نووسەیەکە بە دیارناکەوێت و تەنیا ئەرکی ئەوەبوو کە پیتی “هێ” یەکە لە پیتی دوای خۆی جیابکاتەوە. هەر بۆیەش لە کاتی سڕینەویدا دەبوایە دوو جار “Backspace” دابگریت، جارێک بۆ سڕینەوەی “Zero width non-joiner” و جارێکی تریش بۆ سڕینەوەی “هێ” یەکە.
قۆناغی سێیەم: تەختەکلیلی ستانداردی کوردی
خۆشبەختانە لە ڕێکەوتی ٢٠١٣/١١/١٣ لە هەولێر کۆمەڵێک گرووپی ئایتیی کوردی خۆبەش (کورد ئایتی گرووپ، زانستەپەروەرانی کورد و چاوگ…) لەگەڵ فەرمانگەی ئایتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەکادیمیای کوردی کۆبوونەوە و ڕێککەوتن لەسەر ستانداردێک بۆ نووسەکانی زمانی کوردی. دواتریش کیبۆڕد لەیاوتێکی ستانداردییان بڵاوکردەوە و هەروەها هەماهەنگییان کرد لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکان (مایکڕۆسۆفت، گووگڵ، کانۆنیکاڵ) بۆ ئەوەی تەختەکلیلە ستانداردەکە لە سیستەمەکان جێگیربکرێت، ئێستا لە ویندۆز ٨.١ بەسەرەوە دەتوانی تەختەکلیلی کوردی زۆر بە ئاسانی بۆ کۆمپیوتەرەکەت زیاد بکەیت بێ ئەوەی پێویست بکات هیچ شتێک دابەزێنیت.
پیتە کێشە لەسەرەکان بەو شێوەیە چارەسەرکران:
- پیتی “هێ” بە نووسەی (ه – U+0647) دەنووسرێت.
- پیتی “کاف” بە نووسەی (ک – U+06A9) دەنووسرێت.
- پیتی “بزوێنی کورت” بە نووسەی (ە – U+06D5) دەنووسرێت.
زیانەکانی بەکارهێنانی تەختەکلیلی ناستاندارد
بەکارهێنانی تەختەکلیلی ناستاندارد بە دیجیتاڵکردنی داتا زۆر زەحمەت دەکات. چونکە سەرەتا دەبێت داتایەک هەمووی بگۆڕدرێ بۆ سەر ستانداردی یونیکۆد. بۆ ئەوەش یەکێک لە ڕێگاکان جێگۆڕکێکردنی پیتە ناستانداردەکانە (ك، ط..) بە پیتە ستانداردەکان (ک، گ…)، دەتواندرێ بەرنامەیەکی سادە درووستبکرێ بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی خێرا هەموو نووسینێک چاکبکات. ئەو بیرۆکەیە ماوەیەکی زۆرە هەیە، بۆ نموونە چاوگ بەرهەمێکی وایان بڵاوکردۆتەوە و ئێمەش وەک درەختی گەشەپێدەران پڕۆژەیەکمان لەسەر هەمان بیرۆکە هەیە.
بەڵام ئەو بیرۆکەیە دەکرێ کێشەی زۆر درووستبکات، چونکە زۆر جار لە ناو نووسینی کوردی پیتی عەرەبی بەکاردەهێندرێت (هەبوونی ناوی عەرەبی، باسکردنی بابەتێک کە پەیوەندی بە زمانی عەرەبی یان وڵاتە عەرەبییەکانەوە هەىێت، ئایەتەکانی قورئان…). ئەگەر ئێمە هەروا بە سادەیی پیتە عەرەبییەکان بە پیتی کوردی بگۆڕین، نووسینەکان تێکدەچن و مانایان لە دەست دەدەن. بۆ نموونە “مصطفی” دەبێتە “مصگفی”. بە کورتی ئاسانترین ڕێگا ئەوەیە کە هەر لە سەرەتاوە هەموو شتەکانمان بە کیبۆڕدێکی ستاندارد بنووسین و خۆمان دووربگرین لەو سەرئێشانە.
تێبینی: پێشتر بە هەڵە نووسرابوو کە کلیلی “K” سکان کۆدکەی ٣٠یە، لە ڕاستیدا ٣٧ ـە و ئێستا لە هێڵکارییەکە چاککراوەتەوە.
بۆچوونەکان
هەر بژین و سەرکەوتوو بن. من تا ئێستا کیبوردی هەڵەم بەکاردەهێنا. بابەتەکەتان زۆر بەسوود بوو. دەستتان خۆش بێت.
سوپاس، بەو زووانە بەشی دووەمیش بڵاودەکەینەوە 🙂
سڵاو لە کاک موحەمەدی ئازیز
زۆر بابەتێکی بەنرخ و جوان بوو .دەستت نەرزێ و هەر سەرکەوتوو بن.
سوپاست دەکەم کاک قەزوان، بە ڕیزیت
[…] بەشی یەکەم باسێکی کورتی یونیکۆدمان کرد و پەیوندی یونیکۆدمان […]
دەستان خۆش بێت و لەشتان ساخ بێت، زۆر بەسوود بوو….