background

بلۆکچەین Block Chain چیە؟

هاوپۆل: ئەندازیاری نەرمەکاڵا ( سۆفتوێر ), پاراستن  ژ.بابەت : 4445  بەروار : ئازار 16, 2021
Bitcoin, Blockchain, Crypto currency
QR Code For:  بلۆکچەین Block Chain چیە؟

بلۆکچەین ئەو تەکنەلۆجیایەی هەمووان باسی لێوەدەکەن و رێژەیەکی کەمی ئەوانەش دەزانن بە دروستی مانای چیە، خۆم یەکێک بووم لەوانەی تەنها گوێم لەو دەستەواژەیە ببوو بەڵام نەمدەوسیت لێی نزیک بکەومەوە و هیچ خولیایەکم بۆی نەبوو لەبەر ئەوەی وا دەردەکەوێت کە تەنها پەیوەستە بە دراوی ئەلیکترۆنی پاش کەمێک لێکۆڵینەوە و خوێندن بۆم دەرکەوت کە دەکرێت لە کۆمەڵێک بابەت و بواردا سوودی هەبێت، لەوانەیە وەک گەشەپێدەرێک لە پرۆژەی داهاتووت بەکاری بهێنیت

کورتەیەک لە مێژوو

بلۆک چەین لە سەرەتاکانی ساڵانی ١٩٩١ بیرۆکەی بۆ داڕێژراوە لە لایەن Stuart Haber ، W Scott Stornetta وەکو رێگایە بۆ هەڵگرتنی زانیاریەکان بە جۆرێکی هەمیشەیی و بەبێ گۆرانکاری لە دوایی ئەوە تاوەکو پێش ساڵی ٢٠٠٩ گۆرانکاری تێدا کراوە بەڵام لەگەڵ لە ٢٠٠٩ کاتێک ساتۆشی ناکامۆتۆ تەکنەلۆجیای بلۆکچەین بەکارهێنا بۆ دروستکردنی تۆری دراوی ئەلیکترۆنی بیتکۆین لە دوای ئەوە لە ساڵی ٢٠١٤ دا بلۆک چەین وەشانی دووەم ٢.٠ دەرچوو کە وا دانرا بتوانرێت رێکخراوەکان و کۆمپانیاکان بلۆک چەین بەکارببەن بۆ دروستکردنی سیستەم و هەڵگرتنی زانیاریەکان ئەوەی لێرەدا پێویستە بزاندرێت ئەوەیە بلۆکچەین تەنها بۆ دراوی ئەلیکترۆنی نیە لە کاتێک لە ساڵی ١٩٩٠ بۆ ئەو بیرۆکەیە دانەندرا بەڵام تاوەکو ساڵی ٢٠١٤ خەڵکی بۆ دراوی ئەلیکترۆنی و دروستکردنی تۆڕی دراوەکان بەکاریان دەهێنا بۆیە دەستەواژەی بلۆک چەین زۆر پەیوەست بووە بە دراوە ئەلیکترۆنیەکان لە کاتێکدا بلۆک چەین پارچە تەکنەلۆجیایەکە وەک و هەر ئەلگۆریثمێکی دیکە

سوودی بلۆکچەین چیە؟

وەکو گەشەپێدەرێت دەتوانیت سوود لە بلۆکچەین وەرگریت لە کاتێکدا کۆمەڵێک زانیاریت هەبوو پێویست بوو بمێننەوە و کاتێک دەسکاری کرا ئاگادار بیت لەوەی کە هەڵەیەک هەیە لە زانیاری ئەرشیف کراو. هەندێک لەو شوێنانەی کە دەکرێت بلۆکچەینی تێدا بەکارببەیت لەوانەیە شوێنێکی وەکو نوسینگەی دادنوسی بێت (کاتب عدل) کاتێک پەراوێک مۆر دەکرێت گۆرانکاری کردن تێیدا نابێت بکرێت و بۆیە ئەگەر سیستەمێکی لەو شێوەیە بەکارببەیت زۆر سەرکەوتوو دەبێت چوونکە هەر گۆرانکاریەک تەنانەت لەلایەن کۆمپانیای گەشەپێدەرەوە زۆر ئەستەم دەبێت

بابەتی سوودبەخش

پێش ئەوەی دەس بە شیکردنەوەی بلۆکچەین بکەین ئەم چەند بابەتەی خوارەوە لەوانەیە ئاسانکاری بکات بۆ تێگەیشتن

بلۆکچەین چۆن کاردەکات

دەبێت چەند دەستەواژەیەک روونبکەینەوە لە سەرەتادا

  • بلۆک (Block): وەک سندوقێک(كه‌شه‌و) بیری لێبکەوە کە دەتوانینن کۆمەڵێک ئامرازی تێدا هەڵگرین هەرچەندە ئەو سنودقە جۆرێکی تایبەتە و دیجیتاڵە هەندێک لە شوێنەکەش بۆ خۆی گیڕاوە کە هەندێک زانیاری سەرەتایی تێدایە دەربارەی سندوقەکە بەڵام زۆربەی شوێنی ماوە ئێمە دەتوانین زانیاریەکانی لەناو هەڵگرین دەتوانیت بلۆکێک بەو شێوازە بهێنیتە پێش چاوی خۆت

هەر سندوقێک لە ٣ بەشی سەرەکی پێک دێت دوو لەو بەشانە بریتین لە هاش کە لە خوارەوە باسکراوە بەڵام بەشێکیان داتا(زانیاری) ی تێدایە لێرەدا رووندەبێتەوە تۆ وەکو گەشەپێدەرێک هەر جۆرە زانیاریەک هەڵگریت ئاساییە لەناو یەک لەو بلۆکانە بۆ دراوی ئەلیکترۆنی زانیاری هاتووچۆی پارەی تێدایە بە کۆمەڵێک لەو بلۆکانە تۆڕی دراوە ئەلیکترۆنیەکە دروست دەکەن کە کراوەیەو بۆ بەکارهێنەران

  • هاش (Hash): یاخود تێكهەڵدراوەپەڕلە بریتیە لە ناسنامەی هەر بلۆکێک کە بەهۆیەوە ئێمە دەتوانین چەینەکە دروست بکەین و بەیەکەوەیان ببەستینەوە وەک لەو وێنەیەی سەرەوە دەبینیت دوو پارچەی هەر بلۆکێک بریتیە لە هاش هاشی بلۆکەکە خۆی لەگەڵ هاشی ئەو بلۆکەی کە لەپێشیەوە دێت بەو جۆرە دەتوانیت بلۆکەکان بەیەکەوە ببەستیتەوە
هاش وەکو پەنجەمۆر یاخود کلیکی سندوق یاخود بڵۆکە
  • زانیاری (Data): ئەو بەشەیە کە زانیاری تایبەتی تێدا هەڵدەگیرێت بە پێی داخوازی کەسەکە لە بلۆکچەین ی بیتکۆیندا ئەم داتایە بریتیە لە ئەررەیەک کە ٢٠٠،٠٠٠ هاتوچۆی پارەی تێدا هەڵگیراوە لە شوێنی دیکە وەک دادنوسی لەوانەیە هەر بلۆکێک ١٠٠ بەڵێینامەی تێدا هەڵبگریت بۆ نموونە گەر یەک هاتوچۆی پارە وەگرین لە بڵۆکێک لە بلۆکچەین ی بیتکۆین لەوانەیە لەو شێوازە بێت
لەکاتی گۆڕینی هەر زانیاریەک پەنجەمۆر یاخود هاشی بڵۆکەکە دوبارە دەگۆردرێت بۆ هاشێکی نوێ
  • چەین (ِChain): یاخود زنجیر یان ڕستە وا بیری لێبکەرەوە کە ئەو بلۆکانەی باسمان کرد بەیەکەوە بەستراون و قوڵپی تایبەتی هەیە کە دوو بڵۆک بەیەکەوە دەبەستێتەوە، وەک لەسەرەوە باسمان کرد کە هەر بلۆکێک هەندێک شوێنی گیراوە یاخود هەندێک زانیاری تێدایە ئەو زانیاریانە تایبەتن بە بەستنەوەی دوو بلۆک بەیەکەوە
لە بلۆکی دووەم هاشی بلۆکی یەکەم هەڵگیراوە

یەکەم بلۆک کە دروست دەکرێت کە بلۆکچەین پێی دەگوترێت گێنسس بلۆک بەواتای یەکەمین بلۆک و هاشی پێش خۆی بریتیە لە سفر

هەڵە چۆن دەدۆزرێتەوە لە چەین ؟

کاتێک کەسێک دەسکاری بلۆکێک دەکات لە زنجیرەکە(چەین) ئەوا هاشەکەی دەگۆردرێت کاتێک هاشەکە گۆردرا ئەو زنجیرەیە تێکدەشکێت و هەڵەیەک روودەدات لە بڵۆکی دوای خۆی

لەم نموونەیە بلۆکی ٣ هاشی پێشوتری هەیە بەڵام بلۆکی ٢ هاشەکەی هەمان هاش نیە کەواتە دەسکاریکراوە

چ کێشەیەک هەیە تاوەکو ئێستا ؟

ئەگەر وەک و گەشەپێدەرێک بیر بکەیتەوە لەو نموونەیەی خوارەوە دەتوانیت چی بکەیت بۆ ئەوەی وابکەیت دووبارە ئەو زنجیرەیە دروست بێت و قبووڵ بکرێت لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانەی کردووتە

وەڵامەکە ئاسانە هاشی بلۆکی ٢ گۆردرا کەواتە من دەتوانم previous hash ی بلۆکی ٣ بگۆرم بۆ هاشە نوێیەکەی بلۆکی ٢ بەڵام بەو کردارەم هاشی بلۆکی ٣ مم دەگۆرم کەواتە دەبێت هاشی بلۆکی ٤ میش چاک بکەم بەو شێوازە تاوەکو دەگەم بە کۆتا بلۆک کە نوێترینیانە ئەم کردارە بۆ کۆمپیوتەری ئەو سەردەمە کردارێکی زۆر ئاسانە چوونکە GPU بە هەزاران هاش لە چرکەیەکدا دروست دەکەن بەبێ کێشەیەکی ئەوتۆ بۆ رێگرتن لەوە بیرۆکەیەکیان داناوە بەناوی Proof of work

Proof of work چیە ؟

بە مانای ئەوە دێت بۆم بسەلمێنە کە تۆ بەڕاستی بلۆکێکی راستەقینەت دروست کردووە نەوەک بلۆکێک کە دەسکاری کرابێت چۆن دەزانیت کە بلۆکێک راست و دروستە بەوەی کە ستایل یاخود فۆرماتێکی تایبەتی دابنێیت بۆ هاش ی هەر بلۆکێک بۆ نموونە من دەمەوێت پەنجەمۆری هەر بلۆکێک ٥ سفر لە سەرەتایەوە بێت دوای ئەوە هەر هاشێک بێت بەوە ئەو کۆمپیوتەرانەی کە ئەو کردارە دەکەن کاتێکی زۆرتریان دەوێت بۆ ئەوەی هاشێکی دروست بدۆزنەوە کە بۆ بلۆکێکی نوێ دایبنێن ئەگەر بێت و بیر لەوە بکەیتەوە بۆ ١٠ سەعات پێویست بکات بۆ دۆزینەوەی هاشێکی دروست بۆ ئەوەی بیدەیت بە بڵۆکێک کە دەسکاری کراوە ئەی ئەگەر هاتوو ١٠٠ بلۆکی لەدواوە هات ئەوا کاتێکی ئێجگار زۆرت پێویستە هەروەها لە چەین ی بیتکۆین دا ئەو کاتە دیاری کراوە بلۆکی تێدا دروست دەکرێت بۆ نموونە هەر ١٠ خولەک جارێک بلۆکێک دروست دەکرێت و ئەو هاتوچۆی پارەیەی کە لەناو هیچ بلۆکێک نیە لەناو ئەو بلۆکە نوێیە تۆمار دەکرێت، لەکاتی دۆزینەوەی هەر هاشێکی دروست کەمێک بیتکۆین وەردەگریت ڕێک ئەو کردارەشە کە ماینەرەکان (miner) دەیکەن هاشی نوێ دروست دەکەن بەو جۆرە سیستەمەکە هەڵدەستێت بڕێک بیتکۆینیان پێدەدات وەکو دیاریەک ئەوە تایبەتە بە دراوی بیتکۆین دەکرێت هەموو یەکێکیش لەو ماینەرانە کۆپیەکی ئەو چەین ەیان هەیە بۆیە هەر هەڵەیەک زوو دەدۆزرێتەوە و دەسکاریکردنی هەر بەشێک زۆر ئەستەمە.

کۆتایی

هیوادارم بیرۆکەی ئەوە گەیشتبێت کە بلۆکچەین تایبەت نیە بە دراوی ئەلیکترۆنی بەڵام بەربڵاوترین کارپێکردنەکانی بریتین لە لۆگ یان چەینی دراوە ئەلیکترۆنیەکان بەڵام دەکرێت بۆ زۆر بواری دیکە سوودی لێ وەرگریت.
تێبینی: ئەگەر هەر زانیاریەکی هەڵە بەدیکرا لەو بابەتە تکایە ئاگادارمان بکەنەوە.

سەرچاوەکان

ئارام

ژمارەی بابەتەکان: 77

ئەندازیاری پرۆگرامسازی لە هەندێک کۆمپانیای ناوخۆ و دەرەکی کاری پرۆگرامسازیم کردووە لەوانە ( Dwrandaz, Jiasaz, Lezzoo ,Avesta Group , Lucid ,GIGANT, eDRV) هەروەها هاودەمەزرێنەری کۆمپانیای Hesta ی پرۆگرامسازیم حەز بە دروستکردنی سیستەم و وێب ئەپلیکەیشن دەکەم.

  • بۆچوونەکان

    نووسینی وەڵام

    پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *