background

دەروازەیەک بۆ ئاسایشی ئەلیکترۆنی – وانەی یەکەم

هاوپۆل: پاراستن  ژ.بابەت : 4371  بەروار : شوبات 20, 2021
ئاسایشی ئەلیکترۆنی, دەروازەی
QR Code For:  دەروازەیەک بۆ ئاسایشی ئەلیکترۆنی – وانەی یەکەم

ئەمڕۆ لەگەڵ بلیۆنان ئامێری سەرهێڵ (ئۆنلاین)، هەموو چرکەیەک هەڕەشەی نوێ یەتە پێشەوە.

لەمڕۆی جیهانی پێکەوە بەستراودا زیاتر وا لە هەموو کەسێک دەکات کە زیاتر هێرشی ئەلیکترۆنی ڕەچاو بکات، ئەگەر بە ڕێژەیەک ‌‌حەزت لە بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنی بێت یاخود بتەوێت خۆت کاتێک لەسەر هێڵیت و هەژمارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانت بپارێزیت، ئەم زنجیرە بابەتانە هاوکارت دەبێت. لەم زنجیرە وانانەدا بە کۆمەڵێک ئاڕاستەو ڕێگەی مەترسی ئەلیکترۆنی ئاشنا دەبیت لە ڕێگەی کۆمەڵێک ناونیشان و بابەتی فراوانەوە کە بەلاتەوە گرنگ ئەبێت و بەردەوام دەبیت لە خوێندنەوەیان. بۆ نموونە فێردەبیت چۆن شتە تایبەتییەکانت بپارێزیت لە کۆمپانیاکان و ڕێکخراوەکان و کەسە خراپەکان کاتێک لەسەرهێڵیت و خەریکی بەکارهێنان و گەڕانی بۆ مەبەستێکی باش، کەواتە تۆ نابێت ببیت بە قوربانی بۆیە بەردەوام بە لە خوێندنەوەی زنجیرە بابەتەکان چونکە خۆپاراستن باشترە لە چارەسەرکردن. ئەم چەند زنجیرە وانەیە بۆ هەموو کەسێک و هەموو ئاستێکە بۆیە پێویست ناکات خەمی ئەوەت هەبێت کە شارەزایت لە بوارەکانی کۆمپیوتەر و هاک و سکیوریتی و بەرنامەداڕێژی.

فێری ئەمانە دەبیت لە زنجیرە وانانەدا:

  1. فێردەبیت کە ئاسایشی ئەلیکترۆنی چییە و کاریگەرییە شاراوەکانی چین لەسەر تۆ.
  2. تێگەیشتن لە باوترین هەڕەشەکان، هێرشەکان و لاوازییەکان.
  3. فێردەبیت کە چۆن بزنسەکان کردارەکانیان دەپارێزن لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان.
  4. نوێترین ئاراستەکانی کار بدۆزەوە و بزانە بۆچی ئاسایشی سایبەر بەردەوام گەشە دەکات.

دەروازەی ئاسایشی ئەلیکترۆنیپەیام بۆ خوێندکار

کاتێک کە منداڵ بوویت، هەرگیز خەیاڵی ئەوەت کردووە کە بەرگریکارێکی بەتوانای گەردوونیت و هێزت زۆرە و ئەتوانیت درک بە مەترسییەکان بکەیت و خۆت و خەڵکانی بێ تاوانی لێ بپارێزیت و تاوانباران بە سزای خۆیان بگەیەنیت؟

ئایا دەزانیت کە لە جیهانی ئەمڕۆدا ئەتوانیت ئەو کارە بکەیت و ببێت بە سەرچاوەیەکی دارای بۆت؟ 

  1. مامۆستای رۆحی ئاسایشی ئەلیکترۆنی (CyberSecurity Guru) 
  2. پسپۆڕی دادگەری ئاسایشی ئەلیکترۆنی (CyberSecurity Forensic Expert) 
  3. پسپۆڕی پاراستنی زانیارییەکان (Information Security Expert) 

هەر یەکێک لەوانەی سەرەوە ئەکرێت لە بواری کارکردنی تۆدا بەپێی گۆڕان و پێویستی بەژدار بن.

مامۆستای رۆحی ئاسایشی ئەلیکترۆنی: یەکەم هێڵی بەرکەوتنی ئاسایشی ئەلیکترۆنییە، کاری قسە کردنە لەسەر زیاتر پاراستنی تایبەتمەندی کەسێتی، کار لە بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنی دەکات بە شێوەیەکی فێرکاری نەک کرداری، ئەم کەسانە هیچ بەرنامەیەک بەکارناهێنن بۆ کارکردن لەم بوارەدا.

پێویستی بە ئاسایشی ئەلیکترۆنی

لەم بەندەدا بۆت ڕوون دەبێتەوە کە ئاسایشی ئەلیکترۆنی چییە و بۆچی داخوازی لەسەر پیشەگەرەکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە زۆربوون دایە. بۆت ڕوون دەبێتەوە کە ناسنامەی سەرهێڵ و زانیارییەکانت چین و لەکوێن، وە بۆچی گرنگە بەلای تاوانبارەکانی ئینتەرنێتەوە.

لەم بەندەدا ئەوە وتووێژ دەکرێت کە زانیاری ڕێکخراوەکان(شوێنە ڕەسمییەکانی وەک بانک و دامودەزگا دەوڵەتی و ئەهلییەکان) چییە، وە بۆچی پێویستە پارێزگاری لێ بکرێت.

گفتوگۆ لەسەر ئەوە ئەکەین کە هێرشەبەرەکانی سەر ئینتەرنێت کێن و چیان دەوێت، ئاسایشانی ئەلیکترۆنی پێویستە هەمان ئەو کارامەیی و پسپۆڕییەیان هەبێت کە تاوانبارانی ئینتەرنێت هەیانە، بەڵام شارەزاراینی ئاسایشی ئەلیکترۆنی پێویستە لە چوارچێوەیەکی سنورداردا کار بکەن کە لە یاسا و ڕێسای ناوخۆی دەوڵەت و ڕێسای نێو دەوڵەتی دەرنەچێت بۆ ئەوەی کارەکەیان نەچێتە بواری تاوانەوە، وە پێویستە کارامەییان لەو بوارەدا بە شێوەیەکی ئەخلاقی بەکاربهێنن.

هەروەها لەم بەندەدا ناوەڕۆک گەلێکی تێدایە کە کە بە خێرایی باس لە ناکۆکی ئەلیکترۆنی دەکات، وە بۆچی دەوڵەتەکان پێویستیان بە شارەزایانی ئاسایشی ئەلیکترۆنییە بۆ ئەوەی هاوڵاتییەکانیان و ژێرخانی ئابووری وڵاتەکەیان بپارێزن.

ئاسایشی ئەلیکترۆنی چییە؟ 

زانیارییە ئەلیکترۆنییە پێکەوە بەستراوەکانی تۆڕ بووە بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەمان، هەموو جۆرە ڕێکخراوەکانی وەک پزیشکی، دارایی، دەزگا فێرکارییەکان (بە هەموو جۆرەکانییەوە وەک، خوێندنگە و پێگە فێرکارییەکانی سەرهێڵ)، ئەم تۆڕە بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر کار بکەن. سوود لە تۆڕ وەردەگرن بە کۆکردنەوەو پاشەکەوت کردن و خستنەکاری بڕێکی گەورە لە کۆی زانیاریی ژمارەیی (دیجیتاڵی). هەرچەند زیاتر زانیاری ژمارەیی کۆ بکرێتەوە و بڵاو بکرێتەوە، پارێزگاری کردن لەم زانیارییانە زیاتر گرنگ تر و ئاڵۆزتر دەبێت بۆ ئاسایشی نیشتیمانی و پێگەی ئابووریمان (هەڵبەت ئەمە بۆ وڵاتێک ئەبێت کە زۆربەی کارەکانی کەرتی تایبەت و گشتی و ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییەکان لە ڕێگەی تۆڕەوە بکرێت، ئەمە هێشتا لە هەرێمی کوردستاندا لە ئاستێکی زۆر سەرەتادایە، بۆیە ئەم بابەتە جارێ زۆر جێگەی مەترسی نییە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانیمان).

ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە ئەرکێکی بەردەوامدایە بۆ پاراستنی ئەم سیستمە بە تۆڕ کراوانە وە پاراسنی هەموو زانیارییەکان لەدەست کەسانی بێ مۆڵەت و زیانبەخش. بەکارهێنانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە پلەکانی سەرەتادا کە کەسەکان بەکاری دەهێنن بۆ پاراستنی خۆیان بریتییە لە پارێزگاری کردن لە ناسنامە و زانیارییەکان و ئامێرەکانی بژمێر (کۆمپیوتەر، وە ئێستە موبایلە زیرەکەکانیش کە هاتوونەتە ناو کایەکەوە). لە ئاستی یەکگرتوویدا (کۆمەڵێک کەس کە لەو بوارەدا کار دەکەن)، ئەرکی هەموو کەسێکە کە نرخ و ئابڕووی ڕێکخراوەکان و دامودەزگاکان بپارێزن (لە سەردەمی نوێدا ئەگەر دزەکەرەکان بتوانن دزە بکەنە ناو سیستمە بە تۆڕ کراوەکانی دامودەزگا و ڕێکخراوەکانەوە دەبێتە شەرمێکی گەورە بۆ دەوڵەت کە نەیتوانییەوە پارێزگارییان لێ بکات). لە ئاستی دەوڵەتدا ئاسایشی نیشتیمانی و هەوڵدان بۆ سەقامگیری دانیشتوان دەبێت کاری لە پێشینە بێت.

 ناسنامەی ئۆنلاین و دەرهێڵ

هەرچەند کاتی زیاتر بەسەر دەبرێت لەسەر هێڵ، ناسنامەکەت، هەم سەرهێڵ و هەم دەرهێڵ، دەتوانێت کاریگەری لەسەر ژیانت دابنێت. ناسنامەی دەرهێڵت ئەوەیە کە هاوڕێکانت و خێزانەکەت رۆژانە لە ماڵەوە، لە قوتابخانە، یان کار لەگەڵیان بەرکەوتەت هەیە. زانیاری کەسیی تۆ دەزانن، وەک ناو، تەمەن، یان شوێنی ژیانت. ناسنامەی سەرهێڵت ئەوەیە کە تۆ لە بۆشایی ئەلیکترۆنیت (هەموو ئەو چالاکیانەی کە تۆ لەسەر ئینتەرنێت ئەنجامی دەدەیت). ناسنامەی سەرهێڵت ئەوەیە چۆن خۆت پیشانی بە کەسانی تر دەدەیت لەسەرهێڵ. ئەم ناسنامەی سەرهێڵە دەبێت تەنها بڕێکی سنورداری زانیاری دەربارەی تۆ ئاشکرا بکات (نابێت هەموو زنیاری و وردەکارییەکی ژیانمان لەسەر ئینتەرنێت بڵاو بکەینەوە).

پێویستە ئاگاداری بیت لەکاتی هەڵبژاردنی ناوی بەکارهێنەر یان نازناو بۆ ناسنامەی سەرهێڵ. ناوی بەکارهێنەر نابێت هیچ زانیاریەکی کەسی تێدا بێت. دەبێت شتێکی گونجاو و بەڕێز بێت ئەم ناوی بەکارهێنەرە نابێت ببێتە هۆی ئەوەی کە کەسانی نامۆ وا بیربکەنەوە کە تۆ مەبەستێکی ئاسانیت بۆ تاوانی ئەلیکترۆنی یان سەرنجی نەخوازراو.

زانیارییەکانت

هەر زانیاریەک دەربارەی تۆ دەکرێت ڕەچاو بکرێت (واتە هەر زانیارییەک لەسەرهێڵ کە دایدەنێیت ئەکرێت ئەو کەسانەی کە کاریان پێیەتی وا سەیری بکەن کە زانیاری تەواوی تۆ بێت، ئەگەر ڕاست بێت یاخود هەڵە). ئەم زانیاریە کەسییە دەتوانێت بە شێوەیەکی بێ هاوتا تۆ وەک تاک بناسێت. ئەم زانیاریانە ئەو وێنە و نامانە لەخۆ دەگرێت کە لەسەر هێڵ لەگەڵ خێزان و هاوڕێیانت ئاڵوگۆڕت پێ دەکەیت. زانیاری تر وەک ناو، ژمارەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، بەروار و شوێنی لەدایکبوون، یان نازناوی دایک (نازناوی دایکت پێش ئەوەی زەواج بکات و نازناوی مێردەکەی وەربگرێت، ئەمە لە وڵاتی ئێمە کەمە و زیاتر لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرچاوە)، لەلایەن تۆوە ناسراوە و بۆ ناسینەوەی تۆ بەکار دەهێنرێت. هەروەها دەتوانرێت زانیارییەکانی وەک زانیاری پزیشکی، پەروەردەیی، دارایی و کار، بۆ ناسینەوەی تۆ لەسەر هێڵ بەکاربهێنرێت.

تۆمارە پزیشکییەکان 

هەر جارێک کە دەچیتە نووسینگەی پزیشک، زانیاری زیاتر بۆ تۆماری تەندروستی ئەلیکترۆنی (EHRs)ت زیاد دەکرێت. ڕەچەتەی پزیشکی خێزانەکەت دەبێتە بەشێک لە EHR. (بۆ ئەوەی کە نەخۆشیەکت تێدا دەرکەوت بزانرێت بۆماوەییە یان نا) EHRی تۆ تەندروستی جەستەیی، تەندروستی دەروونی و زانیاری کەسیی تر لەخۆ دەگرێت کە لەوانەیە پەیوەندی بە پزیشکیەوە نەبێت. بۆ نموونە، ئەگەر تۆ کاتێک کە منداڵ بوویت ڕاوێژکارێکت هەبوبێ کاتێک کێشەیەک لە خێزانەکەتدا ڕوویداوە و دەروونت تێكچووە (ههههه ئەمەش لای ئێمە جارێ هەر بوونی نییە هیوادارم رۆژێک بێت ئێمەش بیبینین)، ئەمە لە شوێنێک تۆمار دەکرێت لە تۆماری پزیشکییەکەت. بێجگە لە مێژووی پزیشکی و زانیاری کەسی، هەروەها لەوانەیە EHR زانیاری دەربارەی خێزانەکەت لەخۆ بگرێت.

electronic health record (EHR): تۆمارێکی تەندروستی ئەلیکترۆنییە، کۆکراوەیەکی سیستەماتیککراوە بۆ نەخۆش و دانیشتوان کە بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی زانیاری تەندروستی بە شێوەیەکی دیجیتاڵی پاشەکەوت دەکات.

ئامێرە پزیشکییەکان وەک باندی لەشجوانی (ئەو کاتژمێرانەی کە خەڵک و بەتایبەت ئەوانەی یاری دەکەن لەدەستی دەکەن بۆ ئەوەی لێدان و پەستانی دڵ و زانیاری لەسەر باری تەندروستیان بزانن)، پلاتفۆرمی هەور (Cloud Platform) بەکاردەهێنن بۆ چالاککردنی گواستنەوەی وایفای، هەڵگرتن و پیشاندانی زانیاری کلینیکی وەک لێدانی دڵ، پەستانی خوێن و شەکری خوێن. ئەم ئامێرانە دەتوانن بڕێکی زۆر لە زانیاری کلینیکی دروست بکەن کە لەوانەیە ببنە بەشێک لە تۆمارە پزیشکیەکانت.

تۆمارە پەروەردەییەکان 

کاتێک پرۆسەی خوێندن ئەنجام دەدەیت لەو ڕۆژەی کە دەست پێ دەکەیت تاوەکو ئەو ڕۆژەی کە تەواو دەبیت، زانیاری دەربارەی قۆناغەکانی خوێندنت و نمرەی تاقیکردنەوەکانت، ئامادەبوونت لە خوێندندا، خولەکانت کە وەرتگرتوون، خەڵات و دەست خۆشییەکان کە بەدەستت هێناوە، هەر راپۆرتێک کە ئامادەت کردووە لەوانەیە لە تۆماری خوێندنت بێت. ئەم تۆمارە لەوانەیە بریتیش بێت لەو زانیارییانەی کە خوێندنگەکە بۆ ئەوەی پەیوەندیت پێوە بکات، جا ئیتر هەر هۆکارێکی پەیوەندی بێت کە تۆ و خوێندنگەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە وەک، ئیمەیل، ژمارەی موبایل و زۆری تر. تۆماری تەندروستی و پاراستن، و تۆمارەکانی پەروەردەی تایبەت وەک پرۆگرامە پەروەردەییە تایبەتەکان.

تۆمارەکانی کار و دارایی  

تۆماری داراییت لەوانەیە زانیاری دەربارەی داهات و خەرجیەکانت لەخۆ بگرێت. تۆمارەکانی باج، دەستەواژەی کارتی متمانە (کارتێکی ئەلیکترۆنییە کە تایبەتە بەخۆت لە وڵاتانی پێشکەوتوودا بەکاردێت، کەمترین مامەڵە بە دراوی کاغەز یاخود ئاسنەوە دەکرێت، وا ڕاستترە کە بڵێین هەتا بڕێک لە مامەڵەدا ئەتوانرێت پارەی کاش بەکار بهێنرێت ئەوی تری هەمووی لەڕێگەی هەژماری ئەلیکترۆنیەوەیە، یەکێک لە هۆکاری بە ئەلیکترۆنی کردنی پارەدان ئەوەیە کە بزانیت ئەو کەسەی کە موڵکێک یاخود سەیارە یان هەر شتێک کە ئەیکڕێت پارەکەی لەکوێ بووە، چونکە هەموو جوڵەیەکی پارە کە لەناو هەژمارەکاندا دەسەڵاتتداران پێی دەزانن، بەمەش بە ڕێژەیەکی زۆر دزینی پارەو گەندەڵی لەناو خەڵکدا کەم دەبێتەوە، وە هۆکاری تری زۆرە کە لێرەدا زۆر لە باسەکەی ئێمە دوور دەکەوێتەوە بۆیە باسی ناکەین)، بەڵام یەکێک تر لە کێشەکانی هەژماری ئەلیکرۆنی بۆ ئاڵوگۆڕی پارە بریتییە لە لاوازی ئەو سیستمەی کە پارەکەی تێدا پاشەکەوت کراوە، وەک لە سەرەوە باسمان کرد بە ئەلیکترۆنی کردنی مامەڵەی دراوەکان بۆ کەمکردنەوەی دزی و تاوانە کە بە پارەوە دەکرێت، بەڵام تاوانبار و هاککەرەکان ئەم ڕێگەیە ئەقۆزنەوە بۆ دۆزینەوەی هەڵە لەناو سیستمەکەداو دزەکردنە ناوی و ڕاکێشانی پارەی بەکارهێنەران یاخود لەکارخستنی سیستمەکەو سڕینەوەی زانیاری بەکارهێنەران وەک بڕی پارەی کەسەکە، کە ئەمەش کێشەی گەورەیە بۆ دەوڵەت. وە دەکرێت ئەو زانیاریانەی کە پاشەکەوت دەکرێت مێژووی کارکردنەکانی ترت لەخۆ بکرێت، بۆ نموونە کە پێشتر لە شوێنێکی تر کارت کردووە و چالاکیت چۆن بووە.

زانیارییەکانت لەکوێن؟

هەموو ئەم زانیاریانە دەربارەی تۆ کە بوونی هەیە، یاسای جیاواز هەیە بۆ پاراستنی زانیاری و تایبەتمەندییەکانت لە وڵاتەکەتدا. بەڵام ئایا دەزانیت هەموو ئەم زانیارییانە لە کوێیە؟

کاتێک لە ئۆفیسی پزیشکدایت، ئەو گفتوگۆیەی کە لەگەڵ پزیشکەکەدا کردوتە لە خشتەی پزیشکییەکەتدا تۆمار دەکرێت. بۆ مەبەستی پارەدان، ئەم زانیاریە لەوانەیە لەگەڵ کۆمپانیای دڵنیایی (بیمەی تەندروستی بۆ هاوڵاتییان کە لەلایەن دەوڵەتەوە دابین دەکرێت) هاوبەش بکرێت بۆ دڵنیابوون لە کردەی پارەدان و کوالیتی گونجاو. ئێستا بەشێک لە تۆمارە پزیشکییەکەت بۆ سەردانەکە لە کۆمپانیای دڵنیاییش تۆمار کراوە.

کارتی دڵسۆزی کۆگا (ئەو کارتەیە کە مارکێت و مۆڵە گەورەکان پێشکەشی کڕیارەکانی دەکەن کە لە ڕێگەیەوە کڕیار داشکاندنی بۆ کاڵاکان بۆ دەکرێت و لە کاتی تیروپشکدا ناوی دەچێتە ناو هەڵبژاردنەکانەوە) لەوانەیە ڕێگەخۆش بێت بۆ پاشەکەوت کردنی پارە بۆ کڕینەکانت بەڵام، فرۆشگاکە پرۆفایلێکی کڕینەکانت کۆدەکاتەوە و ئەو زانیاریە بەکاردێنێت بۆ بەکارهێنانی مەبەستی خۆی. بۆ نموونە پرۆفایلەکەت نیشان دەدات دەڵێت کڕیارێک بە بەردەوامی براندو تامی ددانی فڵان کۆمپانیا دەکڕێت. فرۆشگاکە ئەم زانیاریە بەکاردێنێت بۆ ئامانجی زیادکردنی کڕیار لەگەڵ ئۆفەری تایبەت لە کە پێشکەشی کڕیار کراوە. بە بەکارهێنانی کارتی دڵسۆزی ، مۆڵ و شوێنی بازاڕکردنەکان پرۆفایلێکی تایبەتی بە هەڵسوکەوتی کڕینی کڕیاریان هەیە (واتە کڕیار چ شتێک دەکڕێت، ئەمەش وردترین زانیارییە کە پاشەکەوت دەکرێت و بە ئەلیکترۆنی دەکرێت).

کاتێک وێنەکانت لەسەر هێڵ لەگەڵ هاوڕێکانت هاوبەشی پێ دەکەیت، ئایا دەزانیت کە لەوانەیە کێ کۆپییەکی وێنەکانتی لەلابێ؟ کۆپییەک لەسەر ئامێرەکانی خۆتە وەک، موبایل و کۆمپیوتەر. لەوانەیە هاوڕێکانیشت وێنەکان داونلۆد بکەن ئەگەر خۆیانی تێدابن یاخود نا، کەواتە ئەکرێت کۆپییەکیش لای ئەوان بێت. ئەگەر وێنەکان بە ئاشکرا (بۆ نموونە کاتێک وێنەیەکی خۆت بە شێوەی پەبلیک بڵاو دەکەیتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان)هاوبەش بکرێن، ئەکرێت کەسانی نامۆش کۆپییان هەبێت ئەگەر وێنەکە پەیوەندی بەوانیشەوە نەبێت ئەوان هەر دەتوانن کۆپییەک لەوێنەکە ببەن. دەتوانن ئەو وێنانە دابەزێنن یان گرتەی شاشەی ئەو وێنەیەیان کردبێ لەبەرئەوەی وێنەکان لەسەر هێڵ بڵاوکراونەتەوە، هەروەها لەسەر ئەو سێرڤەرانە هەڵگیراون کە دەکەونە شوێنە جیاوازەکان لە جیهاندا، کەواتە ئێستا وێنەکانت چیتر تەنها لەسەر ئامێرەکانی خۆت نین و ئەکرێ لە هەر شوێن و ئامێرێکی تردا بن.

ئامێرە بژمێرەکانت(Your Computing Devices)

ئامێرە بژمێرەکانت تەنها داتاکانت پاشەکەوت ناکەن. ئێستا ئەم ئامێرانە زیاتر بوونەتە دەروازەیەک بۆ داتاکانت و زانیاری دروست دەکەن دەربارەی تۆ.

مەگەر تۆ خۆت هەڵبژاردبێت بۆ وەرگرتنی لێدوانی پەڕاو بۆ هەموو هەژمارەکانت، ئامێرەکانی ژمێریاری خۆت بەکاربێنە بۆ دەستگەیشتن بە داتاکە. ئەگەر کۆپیەکی دیجیتاڵی ت دەوێت لە نوێترین لێدوانی کارتی متمانە، ئامێرەکانی ژماردنەکەت بەکاربێنە بۆ گەیشتن بە وێب سایتەکەی بڵاوکەرەوەی کارتی متمانە. ئەگەر دەتەوێت پسوڵەی کارتی متمانەت بە ئۆنلاین بدەیت، دەتوانیت دەستت بە وێب سایتی بانکەکەت بگات بۆ گواستنەوەی دەرماکان بە بەکارهێنانی ئامێرەکانی کۆمپیوتەرەکەت. بێجگە لەوەی ڕێگەت پێدەدات بۆ دەستگەیشتن بە زانیاریەکەت، ئامێرەکانی کۆمپیوتەر دەتوانن زانیاری دەربارەی تۆ دروست بکەن.

ئەوان پارەکانی تۆیان ئەوێت

هەر شتێکت هەبێت کە نرخی هەبێت تاوانبار و دەستدرێژی کارەکان دەیانەوێت.

هەموو ئەو شتانەی کە خاوەندارێتیان ئەکەیت و لەسەرهێڵ بەردەستن بۆ کەسانی دەستدرێژیکەر بەنرخە. ئەم زانیاری و خاوەندارێتی و شتە تایبەتییانەی تۆ کە هەتە ئاسانکاری ئەکات بۆ دزەکەرەکان کە دەسەڵاتیان هەبێت بۆ دەستگەیشتن بە هەژمارەکانت.

بۆ نموونە لەو وڵاتانەی کە بڕینی تکت و زۆربەی شتەکانیان بە ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدەن لەڕێگەی زیاتر مەترسی هێرشی ئەلیکترۆنیان لەسەرە، دەستدرێژیکارێک کۆمەڵێک تکتی ساختە بڵاو دەکاتەوە پێت دەڵێت بەم ڕێگەیە دەتوانی تکتی خۆڕای بەدەست بهێنیت و سەفەر بکەیت، بەڵام بێ ئاگا لەوەی کە ئەمە تەنها ساختەیە، بە کۆمەڵێک پرۆسێسدا ئەوبات بۆ گرتە کردن و کلیک کردن لەسەر چەند شتێک، دوای ئەوەی هەموو ڕێگەکان تەواو دەکەیت ناگەیت بە هیچ و تکتەکەش بەدەست ناهێنیت، تۆش بێ گوێدانە هیچ شتێک وازی لێ ئەهێنیت و ئەگەڕێیتەوە بێ ئاگا لەوەی کە بویتەتە قوربانی و ئێستە نێچیریت و ئەو کەسە دەستی بەسەر موبایل و هەژمار و چالاکییەکانتدا گرتووە.

ئەوان زۆر مێشکێکی زیرەکیان هەیە کاتێک ئەیانەوێت فێڵت لێ بکەن، ئەزانن تۆ پێویستت بە چییەو ‌حەزت لەچییە بۆیە بەپێی داواکاریی تۆ ئەو شتەت بۆ ساختە ئەکەن، پاش ئەوەی کە دەستیان گەیشت بە زانییاریەکانت یان هەڕەشەت لێ ئەکەن و پێت دەڵێن لە بەرامبەر بڕێک پارەدا شتەکانت بڵاو ناکەینەوەو ئابڕوت نابەین، یاخود ئەو هەژمارانەت کە پارەی تێیدایە دەستی بەسەردا دەگرن و پارەی لێ دەردەکەن، یاخود بەکارت دەهێنن بۆ هێرشێکی تر.

چێنەر

ژمارەی بابەتەکان: 6

بەڕێوبەری ماڵپەڕی فێرگە، نوسەر لە ماڵپەڕی درەختی گەشەپێدەران، گرافیک و وێب دیزاینەر و وێب پرۆگرامەر بەڵام ئەوەی کە زیاتر دیارە گرافیک دیزاینە، کار کردن لە بواری ئەنیمەیشن و موشن گرافیک، خوێندکاری زانستی، نوسەر و ناسێنەری بوارە جیاجیاکانی تەکنەلۆجیا، شارەزا لە بواری هاردوێر بۆ موبایلە زیرەکەکان و کۆنسلەکان.

  • بۆچوونەکان

    نووسینی وەڵام

    پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *