background

چۆن Code Signing Certificate وەردەگری لە کوردستان

هاوپۆل: ئەندازیاری نەرمەکاڵا ( سۆفتوێر )  ژ.بابەت : 2818  بەروار : نیسان 16, 2020
certificate, code-signing
QR Code For:  چۆن Code Signing Certificate وەردەگری لە کوردستان

پێش ئەوەی دەست پێبکەین، دەمەوێ هەندێک چەمک ڕوونبکەمەوە:

١. Code Signing Certificate بۆ ئەوە بەکاردێ کە نەرماکاڵایەک Sign (ئیمزا) بکەی بۆ ئەوەی هەموو کەس بزانێ کە لە لایەن کۆمپانیا یان کەسێکی دیاریکراوەوە درووست کراوە. ئەوەش یارمەتی بەکارهێنەران دەدا کە زیاتر متمانە بەو نەرمەکاڵایە بکەن چونکە دڵنیان هیچ لایەنێکی دیکە دەستکاری نەکردووە. هەموو کەس دەتوانێ Certificate درووست بکا، بەڵام ویندۆز متمانەی پێ ناکەن ئەگەر لە لایەن Certificate Authority ـەوە درووست نەکرابێت.

٢. Certificate Authority: چەند کۆمپانیاکەی جیهانین کە کاریان ئەوەیە کە Certificate بدەن بە کۆمپانیا و کەسەکان دوای ئەوەی دڵنیا بوونەوە لە ڕاستی و درووستی زانیارییەکانیان. ئەو Certificate ـانەی کە لە لایەن Certificate Authority درووست دەکرێن هەموو سیستەمی وەگەڕخەرەکان متمانەی پێدەکەن.

بۆ نموونە سەیری ئەو وێنەی خوارەوە بکە جیاوازی نێوان نەرمەکاڵایەک کە ئیمزاکرابێت دەردەخا لەگەڵ نەرمەکاڵایەک کە ئیمزا نەکرابێت:

ئەو نەرمەکاڵایەی کە ئیمزا کراوە لە Publisher ناوی لایەنی درووستکەری نەرمەکاڵایەکە پێشان دەدا

ئەگەر تێبینی بکەی ئەو نەرمەکاڵایەی کە ئیمزا کراوە لە Publisher ناوی لایەنی درووستکەری نەرمەکاڵایەکە پێشان دەدا.

دوو جۆر Code Signing Certificate هەیە: Standard Code Signing Certificate وە Extended Validation (EV) Code Signing Certificates. EV Code Signing Certificates زەحمەتترە وەرگرتنی و پارەی زۆرتری تێدەچێت، بەڵام سیستەمەکان متمانەی زیاتریان پێیە.

ئێمە نزیکەی ٥ مانگمان پێچوو تا Standard Code Signing Certificate ێکمان وەرگت. بەشێکی لەبەر ئەوە بوو کە شارەزاییمان نەبوو لە پڕۆسەکە و بەشەکەی دیکەش لەبەر ئەوە بوو کە ئەو کۆمپانیاکەمان لە کوردستانە.

هەنگاوەکانی وەرگرتنی Code Signing Certificate:

١. کۆمپانیاکەت تۆماربکە و ژمارەیەکی D&B وەرگرە

D&B داتابەسێکی جیهانییە کە ناو و زانیاری کۆمپانیاکانی جیهانی تێدایە. بە تۆمارکردنی کۆمپانیاکەت لەو داتابەیسە، هەنگاوەکانی دیکە زۆر ئاسانتر دەبێت. ئێمە سەرەتا پێش ئەوەی لەوێ کۆمپانیاکە تۆمار بکەین، ویستمان Certificate وەرگرین. Certificate Authority پێی گوتین کە لە هیچ شوێنێک نەیتوانی کۆمپانیاکەمان بدۆزێتەوە. داوای ئەوەی لێکردین کە سایتێکی ڕەسمیی حکومیی بۆ بنێرین کە ناوی کۆمپانیاکانی کوردستان یان عێراقی تێدابێت. سایتی ڕەسمی بەڕێوبەرایەتی کۆمپانیاکانی کوردستان (https://www.crkrg.org/en) ناوی کۆمپانیاکەمانی تێدا نەبوو. دوای ئەوەی چەند جارێک سەردانمان کردن بۆمان دەرکەوت کە ئەوان لە ٢٠١٨ سیستەمیان گۆڕیوەو لەبەر ئەوەی کە کۆمپانیاکەی ئێمە پێشی ئەو کات دەمەزرێندراوە، ناوی تێدا نییە. سایتی ژووری بازرگانی هەولێریشمان بۆ ناردن کە ناوی کۆمپانیاکەمانی تێدابوو، بەڵام ئەوان دانیان پێدا نەنا.

هەر بۆیە خۆت لەو سەر ئێشەیە بە دوور بگرە و ڕاستەوخۆ لە http://upik.de/en ناوی کۆمپانیاکەت تۆمار بکە. تۆمارکردن خۆڕاییە و تا ٣٠ ڕۆژی پێدەچێت. هەندێک پرسیارت لێدەکەن دەربارەی کۆمپانیاکە و بواری کارکردنی و داوای چەند بەڵگەنامەیەکت لێدەکەن. ئێمە ئەو دوو بەڵگەنامەیەمان بۆ ناردن:

  • بڕیاری ڕەزامەندی دامەزراندنی کۆمپانیا
  • بڕوانامەی دامەزراندنی کۆمپانیا

دوای ٧ ڕۆژ کۆمپانیاکەیان زیادکرد بۆ داتابەیسەکەیان و ژمارەیەکی D&B یان پێداین.

٢. Certificate Authority ێک هەڵبژیرە

زۆر Certificate Authority هەن. هەر یەکەیان نرخەکانیان جیاوازە. بەڵام هەموویان Certificate نادەن بە کۆمپانیاکانی عێراق. ئێمە Certificate ـەکەمان لە GlobalSign کڕی. بەڵام DigiCert یش Certificate دەدا بە کۆمپانیاکانی عێراق. ئەو لیستە ناوی Certificate Authority ـە بڕواپێکراوەکانی تێدایە.

٣. بە پڕۆسەی سەلماندنی کۆمپانیاکەتدا بڕۆ

دوای ئەوەی داوای Certificate ێک دەکەی، Certificate Authority داوای چەند پرسیارێکت لێدەکا و داوای چەند بەڵگەنامەیەکت لێدەکا. ئێمە ئەو بەڵگەنامانەمان بۆ GlobalSign نارد:

  • بڕیاری ڕەزامەندی دامەزراندنی کۆمپانیا
  • عەقدی کرێی ئۆفیسی کۆمپانیا (بۆ سەلماندنی ناونیشانی کۆمپانیا)

ئێمە دوو جار بەو پڕۆسەیە داچووین. جارێک پێش ئەوەی کۆمپانیاکە لە D&B تۆماربکەین داوای Code Signing Certificate مان کرد لە GlobalSign. دوای نزیکەی ١٠٠ ئیمەیڵ و ناردنی چەندین بەڵگەنامە و وەڵامدانەوەی چەندین پرسیار و چەندین پەیوەندی تەلەفۆنی، ڕەتیانکرەوە کە پێمانی بدەن لەبەر ئەوی نەیانتوانی کە کۆمپانیاکە لە لیستێکی باوەڕپێکراو بدۆزنەوە. بەڵام دوای ئەوەی کۆمپانیاکەمان لە D&B تۆمارکرد، بە چەند ڕۆژێک Standard Code Signing Certificate ێکیان پێفرۆشتین.

هەندێک پرسیار کە پێش ئەوەی بە ناو پڕۆسەکەدا بچم هەمبوو:

١. کام جۆری Code Signing Certificate داوا بکەم؟

ڕاستییەکەی پێم وایە Standard Code Signing Certificate بەسە. هەر لە یەکەم دابەزاندنەوە ویندۆز متمانەی بە نەرمەکاڵاکەمان کرد. جۆری EV Code Signing Certificate ـەکە هەم زەحمەتترە وەرگرتنی، هەمیش زەحمەتترە بەکارهێنانی.

٢. دەتوانم چەند نەرمەکاڵایەک بە هەمان Certificate ئیمزا بکەم؟

بەڵێ! Certificate ـەکە بۆ کۆمپانیاکەیە، بۆیە دەتوانێ هەر چەند نەرمەکاڵای بوێ پێی ئیمزا بکا. بەڵام ئاگادار بە ئەگەر Certificate ـەکە بکەوێتە دەست کەسانی دیکە و زیانەواڵەی پێ ئیمزا بکەن، ئەوا Certificate Authorityـەکە ناچاردەبێت کە Certificate ـەکە هەڵوەشێنێتەوە.

٣. کەسی ئاسایی دەتوانێ Certificate وەرگرێ یان تەنیا بۆ کۆمپانیاکانە؟

بەڵێ کەسی ئاساییش دەتوانێ Certificate وەرگرێ. بەڵام شارەزاییم لە پڕۆسەکە نییە.

 

محمد یاسین

ژمارەی بابەتەکان: 21

قوتابی بەشی ئەندازیاریی سیستەمی زانیاری لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر

  • بۆچوونەکان

    نووسینی وەڵام

    پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *